پارتی سكاڵا لەسەر كۆمسیۆن تۆمار دەكات

بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ دەڵێت، لە پارێزگای موسڵ ستەم لە پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە، چونكە بەپێی دەنگەكانمان پێویستە حەوت كورسی بە دەست بهێنین، بۆیە لە كۆمسیۆن سكاڵا تۆمار دەكەین.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، عیسمەت رەجەب، بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاند: كەمبوونەوەی كورسیی ئێمە لە پارێزگای مووسڵ بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەم ئەم جارە رێژەیەكی بەرچاوی خەڵكی ئەو پارێزگایە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا كردووە و دووەم سیستەمی نوێی هەڵبژاردنەكانە، كە ئەمیش كاریگەریی لەو بارەیەوە هەبووە.

عیسمەت رەجەب وتیشی: سەرەڕای ئەوەش ئێمە 185 هەزار و 500 دەنگمان بە دەست هێناوە كە بە بەراوردی هەڵبژاردنی رابردوو دەنگەكانمان كەمی نەكردووە، بەڵام ئەو دوو هۆكارەی باسمان كرد كاریگەریی كردووەتە سەر رێژەی كورسییەكانمان.

رەجەب ڕوونیشی كردەوە: بەپێی ئەو ژمارەی دەنگانە بێت پێویستە حەوت كورسی بە دەست بێنین، بەڵام شەش كورسی بۆ ئێمە دانراوە، بۆیە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سكاڵا تۆمار دەكەین.



PM:05:56:20/05/2014