لەبارەی هێرشی تورکیاوە بۆ سەر کونەماسی ، یەکێتی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

لە بارەی هێرشی تورکیاوە بۆسەر ناوچەی سەیرانگای کونەماسی و برینداربوونی ٦ هاوڵاتی مەدەنی، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " بۆردومانەكە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و رێزنەگرتنی ئەو وڵاتەیە لەو یاداشتە ناڕەزاییانەی حكومەت رادەستی باڵیۆزی توركیای كردن".

 


فراکسیۆنی یەکێتی لەو راگەیاندنەدا بە پێویستی دەزانێت وەزارەتی دەرەوە داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش بكات بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی توركیا.
 داواشی لە سێ سەرۆكایەتییەكە كرد كە بە پەلە وەڵامێكی توندی توركیا بدەنەوە و ئەمجارە بە جدی لە روویدا بوەستنەوە بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكان.

 
 
فراكسیۆنی یەكێتی داواشی لە وەزارەتی دەرەوە و نوێنەری عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش كرد كە داوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایش بكەن بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە ناو خاكی عێراق و بڕیارێكیش بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو مەدەنییانە دەربكات كە دەبنە قوربانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان.

 
 
فراكسیۆنی یەكێتی داواشیكرد لیژنەیەكی یاسایی پێكبهێنرێت بۆ تۆماركردنی سكاڵای لەسەر توركیا لە دادگا نێودەوڵەتییەكان

 


AM:12:40:26/06/2020