سەرۆكی ئەمەریكا: جۆن بۆڵتۆن شێتە

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، جارێكی دیكە راوێژكاری پێشوی ئاسایشتی نەتەوەیی وڵاتەكەی بە "شێت" ناوبرد و رایگەیاند" دەیەوێت خەڵك بۆردومان بكات".

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"ئ ئەمەریكی لەبارەی جۆن بۆڵتۆنەوە وتوویەتی" جۆن بۆڵتۆن كارەكانی خۆی بە باشی نەدەكرد، ئەو نەك هەر لێهاتوو نەبوو، بەڵكو هەموو ئەوەی بۆڵتۆن دەیویست ئەوەبوو  بۆردومانی خەڵك بكات".

ترەمپ وتیشی" رەنگە بۆڵتۆن تەنیا كەس بێت لە ژیانمدا بینیبێتم كە هەرگیز خەندە لەسەر لێوی نەبووە، بەدرێژایی یەك ساڵی تەواو لەگەڵم بوو، نەمبینی خەندەیەك بكات، جارێكیان لە بۆڵتۆنم پرسی "ئایا هەرگیز لە ژیانتدا پێكەنیوی؟".

 

جۆن بۆڵتن، سەبارەت بە ئەزمونەكانی خۆی لە كۆشكی سپی و كاركردنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەرتوكێكی نوسیوە و لەم هەفتەیەدا بڕیاروایە بگاتە پەرتوكفرۆشەكان، وێڕای هەولەكانی كۆشكی سپی بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی.

 


PM:01:50:26/06/2020