وەزارەتی ڕۆشنبیری داوای ڕاگرتنی هەواڵی مردن بە كۆرۆنا دەكات

وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە كاناڵەكانی ڕاگەیاند و دەزگاكانی چاپ و بڵاوكراوە دەكات هەواڵی مردنی بەپەلەی تووشبووانی كۆرۆنا ڕابگرن.

 

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری هەرێم لەبارەی بڵاوكردنەوەی ئاماری گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەكات هەواڵی بەپەلەی مردنەكان رابگرن و رایگەیاند" دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر بڵاوبونەوەی كۆڕۆنا لەجیهان، ئێستا وەك لە ئامارەكان دەردەكەوێت ژمارەی چاكبوونەوەو ژمارەی ئەوانەش كە بەسووكی توشی كۆڕۆنا دەبن زیاتر بووە".

ئاماژە بەوەشکراوە" لەبەر ئەوە بۆ چیتر نەشڵەژان و نەترساندنی خەڵك و هێوركردنەوەی دەروون و بەرزكردنەوەی وورەی خەڵك و باشتر بەرگەگرتن و بەسوكی تێپەڕاندنی ئەو پەتایە، تكایە هەواڵی بەپەلەی مردن رابگرن و زیاتر سەرنج بخەنە سەر هەواڵەكانی چاكبونەوە كە ئێستا لە جیهان زیاتر لە نیوەی توشبووان بەتەواوی چاكبونەتەوە و ئەوانی تریش زۆربەی هەرە زۆریان بەسوكی تووشیبوون". 

ئەوەشخراوەتەڕوو: هاوكاریتان رۆڵی سەرەكی دەبێت لەخێراكۆنتڕۆڵكردنی پەتاكە لەكوردستان، هانی خۆپاراستن و پابەندوون بەڕێنماییە خۆپارێزیەكان بدەن ئەو دۆخەش بەسەركەوتوویی تێدەپەڕێنین. 

 

 



PM:04:54:01/07/2020