قوباد تاڵه‌بانی په‌یامێكی له‌باره‌ی پرۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی بڵاوكرده‌وه‌

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری لە شاری سلێمانی كرد و رایگەیاند" سلێمانی قەرزی زۆری بەسەرمانەوە هەیە".

 

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی" پیرۆزبێت له‌ شاری سلێمانی دانانی به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری، كه‌ ئامانج لێی خزمه‌تكردن و په‌ره‌پێدانه‌ سه‌رباری لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی كۆرۆنا".

 

جێگری سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند" هەرچەندە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە لە وادەی پێویستی خۆی دواكەوت، بەڵام دەستپێكردنی لەم دۆخەدا نموونەیەكی جوانی كاری هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەتە لە پێناو ئاوەدانكردنەوە و رەخساندنی هەلی كار بەتایبەت لە سلێمانی كە قەرزی زۆری بەسەرمانەوە هەیە و لە دڵی هەموولایەكدا شیرینە". 

 

ئەمڕۆ شەممە ١١ی تەمموز له‌مه‌راسیمێكدا له‌ تاسڵوجه‌ی شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دەستپێكردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانرا.




PM:05:39:11/07/2020