گۆڕان: نزیکەی (20) هەزار دەنگمان کەمکراوەتەوەو رۆیشتوە بۆ لایەنێکی تر

رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان رایدەگەیەنێت: گۆڕان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ره‌تدەکاتەوە و نزیکەی (20) هەزار دەنگیشی کەمکراوەتەوەو رۆشتوە بۆ لایەنێکی تر.

ئارام شێخ محەمەد، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگەیاند: بە پێی ئەو داتاو بەڵگانەی لەبەردەست ئێمەدایە، بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلیمانی (376) هەزار دەنگی بەدەست هێناوە، بەڵام لە ئێستادا دەنگەکانی کەمکراوەتە بۆ (359) هەزار و لەبەرامبەردا دەنگەکانی گۆڕان رۆشتوە بۆ لایەنێکی دیاریکراو.

رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان نمونه‌ی‌ ده‌نگی‌ خوێندنگه‌یه‌كی‌ هێنایه‌وه و وتی: له‌خوێندنگه‌یه‌كی‌ سلێمانی‌ هه‌زار‌و(350) ده‌نگی‌ گۆڕان كراوه‌ به‌ (107) ده‌نگ.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵئاواسانی دەنگەکان بەشێوەیەکی ناسروشتی بوەتە هۆی بەرزبونەوەی رێژەی کورسیەکان بە ناسروشتی و بەوەش دابەشکردنی کورسیەکان لە نێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردندا تێکدەدات.

وتیشی: گۆڕان ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجو‌ومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رەتدەكاتەوە چونکە دەستکاری دەنگەکان کراوە.
رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەشیخستەڕو، جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەو ئەنجامەی لە ئۆفیسی سلێمانی وەرمانگرتوە‌و لەگەڵ ئەنجامەكەی ئەمڕۆی كۆمیسیۆن کە بڵاویکردەوە.

دەشڵێت:  لە سلێمانی تەنیا دەنگی گۆڕان كەمنەكراوەتەوە، بەڵکو دەنگەكانی پارتی، یەكگرتو و كۆمەڵیش كەمكراونەتەوە و بە بەراوردی فۆرمەكان، هەمو ئەو دەنگانە خراوەتە سەر دەنگەكانی یەكێتی و سکاڵاش تۆمار دەکەین.



PM:08:54:22/05/2014