سەرۆك كۆمار پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كرد

سەرۆك كۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٧/١٦ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ژان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی هاوڕێی.

نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، لەودیدارەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان عێراق و فەرەنسا و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی لە بواری ئابووری و فەرھەنگی و بایەخی هاوكاری ستراتیجی نێوانیان كرا به ئاڕاستەی ئاوەدانی عێراق و هاوكاری لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەپێویستی پشتیوانیكردنی كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری تەواو كردووە وەك بناغەیەك بۆ پرۆژەی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری عێراق، ھاوكات ھێنانەكایەوەی سیستەمی ھەرێمایەتی كە زامنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزرانی بێت بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە.

ھەر لە دیدارەكەدا بەرھەم ساڵح دوپاتیكردەوە كە عێراق بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاكەكەی و راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، جەختیشكردەوە لە پێویستی چارەسەركردنی كێشە سنورییەكان لە رێگەی هاریكاری نێوان هەردوو دەوڵەتی دراوسێ‌ و دووركەوتنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی تاك لایەنە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار پشتیوانی فەرەنسای بۆ عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی بەشداری كارای لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژ بە داعش، ھاوكات ئاماژەشیكرد بۆ پێویستی بەردەوامبوونی هاریكاری و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی بۆ تەواوكردنی سەركەوتنی یەكجارەكی بۆ ریشەكێشكردن و وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر و توندڕەوی.

لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ هەوڵەكانی عێراق لە پارێزگاریكردن لە سەروەری و زامنكردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی داواكاری گەلی عێراق لە ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتندا.

لە كۆتایی دیدارەكەدا دواین گۆرانكاری ناوچەكەو نێودەوڵەتی خرایەروو، جەختیشكرایەوە لە پێویستی دیالۆگی بونیادنەر بۆ چارەسەركردنی قەیران و گرژییەكان لە ناوچەكە.

PM:06:06:16/07/2020