سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، د. فاروق کازم ئاشکرای دەکات " ئێستاش بە پیلانێکی گڵاو نەخۆشخانەکانی ھەرسێ شارەکە پشتگوێ دەخرێن و دەکرێن بە قوربانی نەخۆشخانە ئەھلیەکان".
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی، د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت " نەخۆشخانەکانی ھیوا و نانەکەلی و سەنتەرەکەی دھۆك بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دەکرێن بە قوربانی بازرگانیەکی رەش".
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەشڵێت " سەرەتا پارەی سندوقەکەیان برد و بەتاڵیان کرد، دواتر ١٥٠ ھەزار دینار ھاوکاری مانگانەی نەخۆشەکانیان بڕی، ئێستاش بە پیلانێکی گڵاو نەخۆشخانەکانی ھەرسێ شارەکە پشتگوێ دەخرێن و دەکرێن بە قوربانی نەخۆشخانە ئەھلیەکان".
لە کۆتایی دا دەڵێت " بۆئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو نەخۆشانە نەمێنێت، پێویستە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی و دارایی بە زوویی پارەی سندوقەکە بگەڕێننەوە و سەرجەم ئەو دەرمان و کیمیاوی و پێداویستیانەی کە نەماوە بۆ ئەو سێ نەخۆشخانەیەی دابین بکەن و موچەی پزیشک و کارمەندەکانی بدەن".