فەلاح مستەفا: سەبارەت بە نەوتی هەرێم باشترە ئەمەریكا بێدەنگ بێت

فەرمانگەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان وه‌ڵامی‌ ئه‌مه‌ریكاو به‌غدای‌ دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و فرۆشتنی‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان و رایگه‌یاند باشتره‌ ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ بێده‌نگی‌ هه‌ڵبژێرێت.

حكومەتی هەرێم كوردستان، دوێنێ فرۆشتنی یەكەم باری‌ نەوتە عەمباركراوەكەی بەندەری جەیهانی توركیای بە فەرمیی ڕاگەیاند. لە یەكەم كاردانەوەشدا حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند كە سكاڵای یاسایی لەسەر توركیا تۆمار دەكات، ئه‌مه‌ریكاش له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند پێویسته‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌ به‌غدا ئه‌و نه‌وته‌ بفرۆشرێت.

فه‌لاح مسته‌فا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا یەكێك لە ئەندامانی ئەو شاندەیە كە یاوەریی بارزانیی كردووە بۆ ئەورووپا، دەربارەی  هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپی، به‌ ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ پارتی‌ ڕاگەیاند "ئەگەرچی ئەمە تەواو پرسێكی ناوخۆییە، سەرباری ئەوەیش وڵاتانی دەرەوە تێگەیشتنیان هەیە بۆ سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانن كە ئێمە هیچ پێشێلكاریێكی دەستووریمان نەكردووە و پابەند بووین پێوەی، كارەكانمان دەستوری و یاسایین و لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە و لە خەم بەرژەوەندییەكانی عێراقیشدا بووین، هاوكات توانیویمانە سیاسەتێكی سەركەوتووی وزە پەیڕەو بكەین لە كاتێكدا سیاسیەتی وزەی بەغدا شكستی هێناوە".

 فەلاح مستەفا لە بایەخی سكاڵاكەی بەغدای كەم كردەوە، وتیشی "ئەوەی ئێمە وەك حكوومەتی هەرێم كردوومانە لە چوارچێوەی بەبنەماگرتنی دەستوور و یاسا بووە، دەمێكە ڕێگری لەوە دەكرێت و ناكرێت چی دی چاوەڕوان بین. دنیایش لەوە تێ دەگات كە هەرێمی كوردستان ئەو مافەی هەیە".

رونیشیكرده‌وه‌ "وڵاتانی ئەورووپایی بە شێوەیەك سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن كە توانیویەتی بە سەركەوتوویی مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتدا بكات و هەرێمی كوردستان كە پێشتر نەیتوانیوە یەك قەترە نەوت دەربهێنێت، ئەمڕۆ توانیویەتی نەوت بەرهەم بهێنێت و هەناردەی بەندەرەكانی جیهانی بكات و ببێتە جێگای باوەڕی بازاڕی وزەی جیهانی".

هاوكات وتیشی "ئێمە چەند ساڵێكە لە بواری وزەدا كار دەكەین، چەندین كۆمپانیا دەستووری عێراقیان خوێندووەتەوە و چەندین یاساناسیان هێناوە و پرۆسەكەیان تاوتوو كردووە و ئینجا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئێستایان".

بەرپرسی فەرمانگەی په‌یوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، په‌یوه‌ست بە كاردانەوەكانی حكومەتی عێراق زیاتر ڕوونیكردەوە، "هەرێمی كوردستان لە ڕێگای پابەندبوون بە دەستوور و بڕوابوون بەوەی، یان ئێمە هاوبەشی ڕاستەقینە دەبین لە عێراق، یان پێویست ناكات ئێمە بەشێك بین لێی، بۆیە دەستەڵاتداران لە بەغدا دەبێت هەست بەوە بكەن كە كورد یان دەبێت هاوبەشی ڕاستەقینە بێت لە چوارچێوەی دەستوور دا و مافەكانی بدرێتێ‌، یان پێویست ناكات ئەو پەیوەندییەمان بمێنێت".

هەروەها دەڵێت، "ئێمە بە ڕاشكاوانە بە هەموو جیهان و بەغدایشمان گوتووە، ئەگەر دەتانەوێت بمێنین و پێكەوە كار بكەین، ئەوا دەبێت پابەند بن بە دەستوورەوە، چونكە سەردەمی نكۆڵیكردن بەسەر چووە كە لە ناوەندەوە بڕیار لەسەر هەموو شتێك بدرێت و ئاییندەی كوردستان بە دەست كەسانێك بێت كە غەیری كورد بن. بۆیە یان دەبێت ئێمە چاوەڕێی پەیوەندیی تازە بكەین لە نێوان هەولێر و بەغدا، یان دەبێت ڕێگایەكی دیكە بدۆزرێتەوە".
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو "با بەغدا بچێت ئارامی و ئاساییش دابین بكات، با بەغدا بچێت كارەبا و سەقامیگری بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین بكات، ئەو كاتە بێت بەرۆكی هەرێمی كوردستان بگرێت، بە راستی ئێمە بێ‌زار بووین لەو لێدوانانەی بەرپرسانی بەغدا كە هیچ مانا نابەخشن. چونكە ئەگەر بیانەوێت ئێمە سەر دابخەین و گوێ‌ بە هەموو شتەكانیان بدەین، ئەوا هەڵەن".

مسته‌فا بە نیگەرانییەوە درێژەی بە قسەكانی دا و وتی "یان دەبێت ئێمە هاوبەشی ڕاستەقینە بین و كار بە بنەما دەستوورییەكان بكرێت، یان خۆمان بڕیار بدەین"، دەشپرسێت "ئەی بۆچی بەغدا وەڵاممان ناداتەوە بەرانبەر بە قەرەبووكردنەوەی كیمیارابارانی هەڵەبجە؟، بۆ وەڵامی ئێمە نادەنەوە لە بەرانبەر وێرانكردنی 4500 گوندی هەرێمی كوردستان؟، بۆ وەڵامی ئێمە نادەنەوە بەرانبەر بە كوشتنی 8 هەزار بارزانی و هەزاران ئەنفالكراوی گەرمیان و 12 هەزار كوردی فەیلی بەغدا؟، بۆچی ڕێز لەو یاسایانە و یاسای نێودەوڵەتی ناگرن و دەچن سكاڵا پێشكەكەش دەكەن؟".

دەربارەی هەڵوێستی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش دەربارەی فرۆشتنی نەوت، فەلاح مستەفا ڕایگەیاند، "ڕێزمان هەیە بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەڵام بڕیاری كورد بە دەستی كوردە و هیوادارین ئەمەریكا لە هاوكێشە سیاسییەكان تێبگات و خۆیان نەخەنە ناو ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها لایەنگریی هیچ لایەنێك نەكەن و ئەگەر بێ‌دەنگی هەڵبژێرن و لایەنگریی نەكەن پێمان باشترە، چونكە ئەوەی ئێمە دەیكەین لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و خەڵكی كوردستانە و، ئێمە نابێت سەیری ئەوە بكەین كە كێ‌ پێمان بڵێت ڕاست و كێ‌ پێمان بڵێ‌ هەڵەت كردووە".



PM:03:52:24/05/2014