یاریزانێکی بەرشەلۆنە لە یاساکانی یانەکە هەڵدێت


یاریزانێکی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە، لە یاساکانی یانەکەی لادەدات و دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی بەرازیل.
ئارسر میلۆ کە بە فەرمی بووە بە یاریزانی یانەی یۆڤانتۆس بە ٧٠ ملیۆن یۆرۆ، گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەی و نایەوێت لە خولی یانە پاڵەوانەکان لەگەڵ بەرشەلۆنە بەشداری بکات.
رۆژنامەکانی ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، ئارسر دەیەوێت چیتر بۆ بەرشەلۆنە یاری نەکاتەوە، دەیەوێت لە مانگی ئابی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی یۆڤانتۆس بکات و تا چەند رۆژێکی تر پشوو لەوڵاتی بەرازیل وەربگرێت.

هەروەها یانەی بەرشەلۆنە نیگەران بووە لە هەڵوێستی ئەو یاریزانە، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ پشکنینی بۆ هەموو یاریزانەکان کردووەو ئەمڕۆ راهێنان دەکەنەوە، بەڵام ئارسر ئامادە نەبووە و ئەمڕۆش ئامادەی مەشقەکان نابێت.
یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی پێوەکردووەو ئاگاداریکردووەتەوە ئەگەر بە زووی نەگەڕێتەوە ئەوا رێککاری توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بەڵام تا ئێستاش ئەو یاریزانە لە وڵاتی بەرازیلە.
 


AM:11:02:28/07/2020