عێراق سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد
هه‌ڵوێستی توركیا له‌سه‌ر فرۆشتی نه‌وتی هه‌رێم

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سكاڵای لە دژی حكومەتی توركیا و كۆمپانیای بۆتاشی ئەو وڵاتە تۆمار كردووە بەهۆی رێگەدانیان بە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە‌و رایگەیاندووە ئەوە پێچەوانەی رێككەوتنی عێراق و توركیا بووە لەبارەی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "سكاڵای لای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس لە دژی حكومەتی توركیاو كۆمپانیای بۆتاشی ئەو وڵاتە تۆمار كردووە بەهۆی رێگەدانیان بە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی رێككەوتنی عێراق و توركیا لەبارەی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتی عێراق بەرێگەی توركیا".

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا "بەپێی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق پێشێلكارییە بۆ رێككەوتنی نێوان عێراق و توركیا سەبارەت بە بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتی كەركووك جیهان".
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند، كە داوای لە دەستەی دادوەریی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس كردووە داوا لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان بكات فەرمان بە توركیاو كۆمپانیای بۆتاش بكات پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت لە كوردستانەوە رابگرن.
لەلایەكی ترەوە  وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عیراقه‌ و داهاته‌كه‌شی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایه‌.

به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی ئه‌نادۆڵی توركی، تانه‌ر یه‌ڵدز، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیا ئاشكرایكردوه‌، داهاتی نەوتی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش دەکرێت.

یڵدز ئاماژەی بەوەدا:  لەکاتی سەردانی وەزیری نەوتی عیراق بۆ تورکیا باس لەوە کراوە کە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم دەتوانرێ بنێردرێتە دەره‌وه‌.

وه‌زیری وزه‌ی توركیا وتی: "ئێمە لەگەڵ برا عیراقییەکانمان کۆدەبینەوە، من لەو بڕوایەدانیم کە قۆناغەکە بەرەو خراپتر بچێت، نەوتەکە نەوتی عیراقە، داهاتەکەش کە لەناو هاڵك بانكدا کۆدەکرێتەوە، وەک هەرێم ئاماژەی پێ کردووە  بەشێوەیەکی دادوه‌رانه‌ دابەش دەکرێت".

روونیكرده‌وه‌: بەپێی دەستووری عیراق ئه‌م نه‌وته‌ لەسەدا 83ی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوه‌ندی ده‌بێت 17 ش بۆ ناوچەکانی هەرێم ده‌بێت.

تانه‌ر یه‌ڵدز وتیشی: "ئێمە هیچ کات شتێک ناکەین دژ بە رێککەوتنەکان بەتایبەت لەبارەی هێڵی بۆری نەوتی خاوی یومورتاڵکی کەرکوک بێت و هیچ کاتێکیش دژی ئەو رێککەوتنە کارمان نەکردووە."

هه‌فته‌ی رابردوو حكومه‌تی توركیا به‌ ره‌سمی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند، ئه‌م نه‌وته‌ش به‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیاو ئیتاڵیا فرۆشرا.



PM:02:31:25/05/2014