بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لەسەر یاسای چاکسازی لەبواری خانەنشینیدا زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات



- بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی،  لەبارەی دوایین ھەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازی لە بواری خانەنشینی لە ھەرێمی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ھەنگاوی زۆر باشیان ناوە و لە ھەموو بوارەكاندا كاریان كردووە و مووچەی چەندین توێژی وەكو دادوەر و پەرلەمانتار و شارەزا و پەرلەمانتار كەم دەكرێتەوە و ھیچ كەسێكیش دوو مووچەی نامێنێت.


بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، حازم ئیسماعیل گۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیا پارتی راگەیاندووە" ئەوەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییەوە ھەیە لە وەزارەتی دارایی، پلە باڵاكان و شارەزاكان و دادوەرەكانن و وەزارەتی پێشمەرگەش گواستنەوەیان بۆ لای ئێمە ھەیە، ئەوەی پلە باڵاكان كاتی خۆی كە خانەنشین كراون، پوختەی راژەیان نەبووە، بۆیە نازانین كامە نایاساییە و ھەندێك نایاساییمان دەستنیشان كردوون و داومانەتە لیژنەی لە خۆمان باڵاتر، كە ژمارەی پلە باڵاكان زیاتر لە ٤٠٠كەس دەبن، ئەوەی بیانناسین دەتوانین كارێك بكەین، بەڵام ئەوانەی نەیانناسین لەبەر ئەوەی ھیچیان نییە، چونكە دۆسیەی یاسایی پێویستە دامەزراندن و دەستبەكاربوونی تێدا بێت و ساڵانە تەرفیع و عەلاوەی تێدا بێت، ئەگەر بە نۆرماڵ دامەزرێت، ئەوكات دادەمەزرێت، بۆیە ئەوانەمان دەستنیشان كردوون".


لەبارەی گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی دارایی، حازم ئیسماعیل رایگەیاند: "چەند كۆبوونەوەیەكمان كردوون و ئێستا لە قۆناغی كۆتاییداین و چەند لیژنەیەكمان پێك ھێناوە و چەند كۆنووسێكمان ئامادە كردووە و ئەوانیش لیستی خۆیان ئامادە دەكەن و لیژنەیەكی ھاوبەش ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی ناوەكان بگوازینەوە، ئەوەش كاتی پێویستە، بۆ بەدەستخستنی لیست ئەوەی سلێمانی رەوانەی ئەوێی دەكەین و بۆ ھەولێر و دھۆك لە ھولێر بەڕێوەبەرایەتییەك ھەیە تایبەت بە خانەنشینانی ئەوان، بۆیە ھەر كاتێك ناوەكان تەواو بوون، ئەوكات دەچنە بانكەكان و ناوەكان لە راگەیاندنەكان بڵاو دەكەینەوە كە لەوێ مووچەی خۆیان وەرگرن بە ئەوانەی یەكەی حەفتا و ھەشتاشەوە، بۆیە كێشەمان نابێت و ھەر كاتێك لیستمان بۆ ھات، ئەوەش چارەسەر دەكەین".


سەبارەت بە شارەزایان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی دەڵێت: "نووسراوێكمان كردووە و ئەوانەی خانەنشین كراون مووچەیان ھەموار دەكرێتەوە، وەكو پلە تایبەتەكان لە سەرۆكی ھەرێم تا بەڕێوەبەری گشتی و هیی دادوەرانیش ٧٠% دەبێت و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان ئەوانە٦٠% و ئەوانەی پەرلەمانتارن كە جاران شەش ملیۆن و٥٦٠ هەزاریان وەردەگرت، ئێستا  ٥٠% وەردەگرن ئەگەر ١٥ساڵ خزمەتیان ھەبێت و ئەوەی خزمەتی كەمتر بێت، ھەندێكیان دوو ملیۆن وەردەگرن، چونكە بڕگەیەك ھەیە ئەوەی خزمەتی نییە ٢٥%ی مووچە ودەرماڵە وەردەگرن، بەڵام بۆ ئەم خولە دەگوترێ تەنھا چەند پەرلەمانتارێك ڕەتیان كردووەتەوە، ئەوانەی دیكە ڕەتیان نەكردووەتەوە، بەڵام ئەوەی بیەوێت خانەنشینی ڕەت بكاتەوە تەنھا بۆ مانگێك نییە و بۆ ھەموو كاتێك دەرگا كراوەیە و داوا دەكات مووچەیان رابگرێت و ئێمەش رایدەگرین و لیژنەشمان دروست كردووە، كە پلە باڵاكان و شارەزایان  و پەرلەمانتاران ھەمووی جیا دەكەینەوە و تائێستا تەنھا ناوی شارەزایانمان بۆ ھاتووە و لە ماوەیەكی كەمدا یەكلای دەكەینەوە، كە دادوەرەكان ژمارەیان كەمە و زوو یەكلا دەكرێنەوە و بڕیارەكەش لە ١/٧ـەوە جێبەجێ دەكرێت".


ناوبراو ئاماژەشی دا: "لە زۆر شتدا ھەنگای باشمان ناوە، تەنھا ھەندێك وردەكاری نەبێت كە پەیوەندییان بە كاری دیكەوە دەبێت وەكو پلە تایبەتەكان كە پێویستە بۆ دۆسیەكانیان بگەڕێینەوە، چونكە ھەیە وەزیرە و ھیچ راژەی لای ئێمە نییە و پێویستە بە نووسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران پوختەی راژەیان بۆ دروست بكرێت، چونكە وەزیری فیعلی بوونە و ھەشە مامۆستا بووە و لە فەرمانگەی دیكە بووە و بۆتە وەزیر، ئەوانە ھەمووی راژەیان ھەیە و بۆیان چارەسەر دەكرێت ھەر یەكە و لە رێگەی فەرمانگەكانی خۆی، بۆیە كۆسپێك نییە نەتوانین چاكسازی بكەین و خەڵك دڵنیا دەكەینەوە كە پرۆسەی چاكسازی ھەر لە مووچە نییە، بەڵكو لە ھەموو بوارەكاندا دەبێت".


سەبارەت بە بندیوارەكانیش دەڵێت: "بندیوار لای ئێمە نییە و ئەوەی نایاسایی بێت ئەوانە ھەندێكمان دەستنیشان كردوون، بەڵام ئەوانەی دوو مووچەیان ھەیە، پەیوەندی بە فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیارییەوە ھەیە و بە نووسراوێك داوامان كردووە ھەر كەسێك دوو مووچەی ھەیە، لیست بۆ ئێمە رەوانە بكەن، بۆ ئەوەی مووچەیەكیان ببڕین، تەنھا ئەوانەی شەھیدان و كەمئەندامان نەبێت و ھەیە فەرمانبەرە و مووچەی كەمئەندامی ھەیە، ئەویش مووچەی كەمئەندامی دەگوازرێتەوە بۆ فەرمانگەی خۆی و لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی نامێنێت و وەكو دەرماڵە لە مووچە بۆی زیاد دەبێت، ئەوانەی شەھیدانیش ناكرێت یەكێك مووچەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی ھەبێت و ئەوانەش رێك دەخرێتەوە".


حازم ئیسماعیل گۆران ڕوونیشی كردەوە: "خانەنشینی لە ٢٠٠ھەزار دەست پێدەكات ئەویش ئەوانەن كە میراتگرن، بۆ نموونە ژنێك كە مووچەی پیاوەكەی وەربگرێت، ٦٠%ی مووچەكە وەردەگرێت و ھەندێك ھەیە مووچەی زیاترە و ئەوانەی بڕوانامەیان نییە كە مووچەیان كەمە، ئەولەویاتی حكوومەت ئەوەیە كە یاسای خانەنشینی دەستكاری بكرێت، كە كەمترین مووچە ٣٠٠ھەزار دەبێت و ئەگەر دۆخەكە باش بێت ھەوڵ دەدرێت یاسای بەغدا ھی ساڵی ٢٠١٤جێبەجێ بكرێت، كە كەمترین مووچە ٤٠٠ھەزار دینار دەبێت و دڵنیام حكوومەت سوورە لەسەر ئەوەی كە مووچەی خانەنشینان باشتر بكرێت، چونكە نزیكەی ١٠٠ھەزار خانەنشین مووچەیان لە دەوروبەری ٢٠٠ھەزار بۆ ٣٠٠ھەزارە".
 


AM:11:16:09/08/2020