وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێم: ئەو پارانەی ناردوومانە نەگەیشتوونەتە دەست هەموو خاوەن مافەکان



وەزارەتی دارایی عێراق لەبری حکومەتی کازمی وەڵامی هەرێم دەداتەوەو دەڵێت " ئەو پارانەی ناردوومانە نەگەیشتوونەتە دەست هەموو خاوەن مافەکان".


وەزارەتی دارایی عێراق نیگەرانی خۆی لەبەیاننامەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمن دەردەبڕێت و دەڵێت" دەیان هەزار داخوازیمان پێگەیووە داوا دەکەن مووچەکانیان لەڕێگای میکانیزمە بەنکیەکانی عێراقەوە پێ بدەێت".

 
هەروەها لە راگەیاندنەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە" ئەو راگەیاندنەی حکومەتی هەرێم وردو بەدیقەت نییە"، هەروەها دەشڵیت" مافی دەستوری حکومەتی عێراقە کە دەروازە سنوریەکان خۆماڵی بکات و چادوێری بکات، بەپێی مادەی ١١٤ دەستور، بەڵام حکومەتی هەرێم لەمڕوەوە نەرمی پێشان نەداوە".

 
لە راگەیاندنەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لەگەڵ هەرێم سەرەتایەکی باشی گفتوگۆ کراوە، داوا لە وەفدی هەرێم دەکات دەستبکرێتەوە بە گفتوگۆکان لەبەر رۆشنایی دەستور پابەند بێت بە بەڵێنەکانیەوە".

  

بەیاننامەی وەزارەتی دارایی عێراق..


وەزارەتی دارایی فێدراڵ بە سەرسوڕمانەوە دەڕوانێتە ئەو بەیاننامەیەی کە دەربارەی ئاکامی گفتوگۆی پێوەست بە گوژمە داراییەکان و رێکخستنی داهاتە فیدراڵییەکان و دەروازە سنوورییەکانە لە نێوان حکومەتی فێدراڵ و حکومەتی هەرێمدا، ئەمڕۆ، رۆژی چوارشەممە، 12/8/2020، لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە. 

 
وەزارەتەکەمان دووپاتی دەکاتەوە کە گفتوگۆکان مەودایەکی باشیان بڕیوە و، هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانیشەوە، حکومەتی فێدراڵ لە روانگەی پەرۆشیی بۆ مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی پێدانی مووچەکانیان، سەرچاوەی هەڵگرتبوو. بەتایبەتی کاتێک دەرکەوت کە ئەو گوژمە داراییانەی نێردرابوون بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، بە هەموو موستەحەققانی نەگەیشتبوو. لەپاڵ ئەمەشدا داواکاریی ئیمزاکراوی دەیان هەزار فەرمانبەری هەرێم گەیشت بە وەزارەتەکەمان کە تێیدا داوا دەکەن مووچەکانیان راستەوخۆ ببەسترێنەوە بە رێوشوێنە بانکییەکانەوە.

 
وەزارەتی دارایی فێدراڵ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی پێویستی نەنواند لە دیاریکردنی بنەمای کێشەکەدا، بە تایبەتی کاتێک کە حکومەتی فێدراڵ نەرمییەکی گەورەی نواند بۆ ئاسانکردنی گەیشتن بە رێککەوتنێک کە خزمەتی گەلی کوردستانی عێراق بکات. لە هەمان کاتدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەین کە حکومەتی فێدراڵ، لە چوارچێوەی مافی دەستوورییدا بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و چاودێریی هاوردە و بڕی گومرگ، ئەو پرانسیپی شەراکەتەی خستە روو کە لە ماددەی 114 (یەکەم) دا هاتووە دەربارەی کۆنترۆڵکرنی چاودێریی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم.

 
لەم بارەیەوە دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە حکومەتی هەرێم نەرمیی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتەی نەنواند و دواتریش هەوڵی دا باری گلەیی دەربارەی گوژمە داراییەکان بخاتە ئەستۆی حکومەتی فێدراڵ پێش ئەوەی بابەتی داهاتەکان یەکلا بکاتەوە. ئەمەش لە بەرامبەر پەرۆشیی حکومەتی فێدراڵ بۆ بەدیهێنانی خواستی فەرمانبەران و خانەنشینان و موستەحەققان، خۆدزینەوەیەکی قبوڵنەکراوە لە بەرپرسیاری لە چوارچێوەی رێوشوێنە یاساییەکان، بە جۆرێک کە نەبنە مایەی لێبڕین و بەفیڕۆدانی مووچەکانییان.

 
ئەو بنەمایەی کە لە چوارچێوەیاندا گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، بریتی بوو لە نوسراوی وەزارەتی دارایی فێدراڵ بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارەی 802 لە رۆژی 19/5/2020 دا. کە تێیدا هاتبوو وەزارەتی دارایی بڕی 400 ملیار دیناری عێراقی بۆ مانگی نیسان دەنێرێت و کۆبوونەوەی چڕ وپڕ دەست پێدەکات بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی یەکلاکەرەوە، لە ماوەی مانگێکدا، لە نێوان هەردوولادا. ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسای ئیدارە خۆجێییەکان وەک بنەمایەک و لە چوارچێوەی هەژمارکردنی داهاتەکانی هەرێم، جگە لە کەرتی نەوت، و پێداچوونەوەیان پێش ئەوەی هەر گوژمێکی دارایی نوێ بنێردرێت.

 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەمانە رەزامەندیی دەربڕی لە نوسراوێکدا لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە بە ژمارە 201 لە رۆژی 19/5/2020دا.

 
وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە حکومەتی فێدراڵ پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوەی ئەم بابەتە لە کەش و هەوایەکی دۆستانە و لە چوارچیوەی دەستووردا. هەروەها ئاماژە بە رێنماییەکانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، موستەفا کازمی دەکات کە چەختی کردۆتەوە لەسەر گەیشتن بە چارەسەری پێویست و دەربڕینی نەرمیی ئەوتۆ کە مافەکانی گەلی کوردستان بەدەست بێنێت، کە بە دەست بارودۆخی تەندروستی و ئابووریی دژوارەوە ،بەتایبەتی توێژی مووچەخۆران و خانەنشینان و موستەحەققان، دەناڵێنن.

 
لەم رووەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لە بەجێهێنانی ئیلتیزامەکان و ئەرکە دەستوورییەکانی پەلە بکات و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ لە پێناوی خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا.

 


PM:10:56:12/08/2020