بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکەوە گەنجێکی کورد گیانی لەدەستدا

گەنجێکی خەڵکی ڕوانسەر کە گەشکە لێیدابوو، بەهۆی کەمتەرخەمیی کادری پزیشکی نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ١٨ی ئاب لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی گوندی (بەوراوا) سەر بە شاری ڕوانسەر بە ناوی مەسعوود کاکایی دوای ئەوەی تووشی گەشکە بووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی (محمد رسول اللە)ی شاری جوانڕۆ، بە هۆی کەمتەرخەمیی کادری پزیشکی ئەو نەخۆشخانەیە چووەتە کۆما و دوای گوازرانەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاکایی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، کادری ۆزیشکی ڕایانگەیاندووە مەسعوود هیچ کیشەیەکی نیە و بیبەنەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێر دیسان گەشکە لێیداوە و چووەتە کۆما.

جێگای ئاماژەیە کە مەسعوود کاکایی چوار ساڵ پێش لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کەم ئەندام ببوو و لەماوەی ڕابردوودا خێرخوازانی ڕوانسەری پارەی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کردبووە.

AM:08:57:20/08/2020