قائیمقامیەتی سلێمانی: گرفت و کێشەکانی بواری دەرمان لە سلێمانی چارەسەردەکرێت

لەسلێمانی كێشەو گرفتەكانی بواری دەرمان چارەسەر دەكرێت و رێگری تەواو دەكرێت لە هێنانی دەرمان بەڕێگەی قاچاغ و فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی و ساختە، قائیمقام و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش رایدەگەیەنن" هەر كۆگا و دەرمانخانەو كۆمپانیایەكی بواری دەرمان پابەند نەبن بەمەرج و رێنماییەكان بەپێی یاسا روبەرووی رێكاری توند دەكرێتەوە". 
 

ئەمڕۆ لەدیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ كۆگاو كۆمپانیاكانی بواری دەرمان دەربارەی پڕۆسەی هێنان و ساغكردنەوەی دەرمان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەكۆبوونەوەكەدا گرفت و كێشەكانی بواری دەرمان تاوتێكران و جەخت لەسەر ئەوەكرایەوە لە دەروازە سنورییەكان پشكنینی دەرمان توندتر بكرێنەوەو تەنیا رێگە بە هاوردەكردنی ئەو دەرمانانە بدرێت كە بەمەرج و رێنماییەكانی كوالیتی كۆنتڕۆڵدا تێپەڕ دەبێت، بەهەموو شێوەیەكیش رێگری لە هاتنەناوەوەی قاچاغی هەموو جۆرە دەرمانێك بگیرێت و هەر دەمانێك لەدەرمانخانەكان ببینرێت كە مۆڵەتی رێگەپێدانی نەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكەی دەگیرێتەبەر، مەرجە هەموو دەرمانێك كە لە سنورەكانەوە دەهێنرێتە ناوەوەی هەرێمی كوردستان لە كۆگاكان و تا ئەو كاتەی دەگاتە دەرمانخانەكان بە ئوتومبێلی فێنك كەرەوە «بەراد» بگوازرێتەوە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند" مامەڵەكردن لەگەڵ دەرمان پرسێكی نیشتیمانییەو پەیوەندیدارە بەژیان و تەندروستی هاووڵاتیان و هەر سەرپێچی و پابەند نەبونێك زیانی گەورەی بۆ سەر تەندروستی گشتی دەبێت لەسەر ئەم بنەماییە رێگری لە هەموو كارێكی ناتاسایی دەكرێت كە زیان بە تەندروستی هاوڵاتیان بگەیەنێت". 

راشیگەیاند" لەچوارچێوەی رێكارەكان هەموو كارئاسانیەك بۆ كۆمپانیاكانی بواری دەرمان دەكرێت".

 

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش رایگەیاند" بەووردی كار لەسەر ئەم كەیسی دەرمان دەكەین و لە هەوڵی چارەسەركردنی هەموو گرفت و كێشەكانی بواری دەرمانین لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا رێكارەكان بەردەوام بن و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەیەكی باڵا بكرێت بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەو گرفتەكانی بواری دەرمان لە سلێمانی". 




PM:01:23:27/08/2020