ئەمینداری یەكگرتوو: نەبوونی مووچە بەهۆی خراپی ئیدارەدانی وڵاتە

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی مەڵبەندی دووی حزبەكەی لە هەولێر دەكات و ڕایدەگەیەنێت" كە بێ‌ مووچەیی و خراپی دۆخی دارایی بۆتە هۆی پشێوی دەروونی بۆ هاووڵاتیان".

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە سەڵاحەددین محەمەد بەها‌ئەددین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی مەڵبەندی دووی هەولێری یەكگرتووی كرد و ڕایگەیاند" پێویستە كاری زیاتر لەسەر پەروەردە و پێگەیاندن و بەدەمەوە بوونی گەنجان و قوتابیان و توێژی ئافرەتان و هاووڵاتیان بە گشتی بكرێت، بە تایبەت لە ئێستادا كە هاووڵاتیانی لە بارودۆخ و پشێوی دەروونیدا ژیان دەگوزەرێنن بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی و نەبوونی موچەی پێویست و ناسەقامگیری سیاسی، كە لە ئەنجامی خراپ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی وڵات تووشی بووە".

 

وتیشی" لەم دۆخەدا پێویستە یەكگرتووەكان ڕۆڵی كاریگەری ئیجابیانە ببینن لە دروستكردنی سەقامگیری دەروونی دروست بۆ تاكەكان لە كۆمەڵگەدا". 



PM:09:57:19/09/2020