پەرلەمانتارێک لەبارەی ژمارەیەک زەویەوە یەکێتی داگیریکردوون چەند پرسیارێک رووبەڕووی شانازی ئیبراهیم ئەحمەد دەکاتەوە

پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، پەیمان عیزەدین لە نامەیەکتی کراوە بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکاتەوە، کە لەلایەن حیزبەکەیەوە قورۆخکراون.

 
لەو نامەیەدا پەیمان عێزەدین پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دەڵێت "خاتون، من زۆرجار نوسینەکانت ئەخوێنمەوە، کە بیری خۆمی ئەبەمەوە بەڕێزتان سەرکردەیەکی دیارن، لە پارتێکی خاوەن دەسەڵاتدا لە سلێمانی، نوسین و لێدوانەکانت بە ئازایانە ئەبینم... بەڵام کە چاو ئەکەمەوە و ڕاستییەکان بە زەقی، بە بەرچاوی من و هەزاران کەسەوەن، لێتناشارمەوە دوودڵی و بێ متمانەیی، بە ئازایی و ڕاستی و قسەکردنەکانت دامئەگرێت".

 
پەرلەمانتارە پێشووەکەی گۆڕان دەپرسێت "خاتون، ئەوەی لە سلێمانیدا ئەکرێ، لە سوتاندنی شاخ و دارستان و دابەشکردنی زەوی و ڕوخاندنی جێگا و شوێنە دیارەکان و دەیان داگیرکاری تر، لە ئەستۆی حیزبەکەی بەڕێزتانە. کارگەی جگەرە، کە بەناوی دەزگای کەلتورییەوە داگیرکراوە، کێ کردویەتی و کێ سودی لێ ئەبینێ؟ تەختکردنی کەمپی کۆنی زانکۆ و نەخۆشخانەی فێرکاری، لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە، کە قسەی لەسەر ئەکرێ، هی کێیە و لەبەرژەوەندی کێ ئەبێ؟ ئەگەر تازەترین نمونەی بەرچاوی خۆمت بۆ باس بکەم، کە گردێکی چەندین دۆنمییە لە بەکرەجۆ، بە ناوی دابەشکردنییەوە بۆ دژە تیرۆر، بێ ئەوەی شارەوانی ئاگای لێبێ، هی کێیە و کێ بڕیاری لێداوە؟".


هەروەها دەڵێت "خاتون، هەموو ئەمانە و هەزاران کار و حاڵەتی ناقانونی تر حیزبەکەی بەڕێزتان ئەیکات و بەرپرسە لێی. ناماقوڵ و بڕواپێنەکراوە وەک خۆتان ئەڵێن: "بەڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی خەڵکەوە گڕ لەو دارە بەتەمەنانە بەربدرێت و یەکێتی نەتوانێ ڕایگرێ و نەزانێ ئەنجامدەرانی کێن".


لە کۆتاییدا پەیمان عێزەدەین تکا دەکات و دەڵێت "بۆیە تکایەکی ژنانەت لێئەکەم، تۆ وەک سەرکردەیەکی ئەو حیزبە و ئەندامی بنەماڵەی حوکمڕان لەو حیزبەدا، ئەو هەڵمەتی داگیرکارییە ڕاگرە، خەڵکی سلێمانی لە جێی دارێک دوو دار ئەنێژینەوە".




PM:02:57:20/09/2020