قوباد تاڵەبانی بۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی باوکی:
لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین

قوباد تاڵەبانی لە سێهەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی باوکی ( جەلال تاڵەبانی ) دا دەڵێت " لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەك جاران یە‌كڕیز نین".


لە پەیامێکدا بە بۆنەی سێهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوای جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی کوڕە بچووکی و جێگری سەرۆکی حکومەت، نووسیوویەتی " ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت، بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵکانێکی مافیا ئاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم خزمەت بەخەڵكی كوردستان بكەم".



دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی



باوکە گیان سڵاو...


چەند رۆژێکە بیر لەوە دەکەمەوە هاتمە خزمەتت چیت پێ بڵێم و چیت بۆ باس بکەم! کوردستان وەک سەردەمی تۆ نەماوە؛ بارودۆخ خراپە و گوزەرانی خەڵك باش نییە.


ئەم بەیانییە تەماشای هەندێک لە وێنەکانتم دەکرد لە هەموویاندا گەشبین و دەم بە پێکەنین بووی، بیرم لەوە دەکردەوە سیحری ئەوە لە چیدایە کە لە ساتە ناخۆش و تاریكەکانیشدا هەر بە هیوا و ئومێدەوە دەتڕوانییە داهاتوو؟ بیرم لەوە دەکردەوە بۆچی بەر لەوەی نەخۆشی بە یەکجاری لە سیاسەت دوورت بخاتەوە، نەک تۆ، بەڵکو هەموو کورد بە هیوا و بە گەشبینییەوە ئەیانڕوانییە ئایندە؟

 

 پێموایە هۆکارەکەی ئەوەبوو؛ تۆ لە ڕێبازی خۆت دڵنیابووی، گەلیش متمانەیان پێت هەبوو. ڕێبازی تۆ هەوڵدان و لێبڕان و ماندوو نەناسی بوو لەپێناو ئازادی و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەر لەبەر ئەمەش بوو هەر کاتێک کێشە و قەیرانێک هەبوایە چارەسەرێکت پێ بوو كە هەمیشە لە بەرژەوەندی گشتیدا بوو نەک لە بەرژەوەندی تایبەتی هیچ كەس و لایەنێك.


ڕێگای تۆ رێزگرتنە لە بیرکردنەوە و بۆچوونی جیاواز. ئەوانەی ڕەخنە قبوڵ ناکەن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە دڵنیاییەوە دوورن لەبیر و بۆچوونی ئازادیخوازانەی تۆ. 


میراتی تۆ كێبەركێی تەندروستیی سیاسییە، رێزگرتنە لە نەیار و ڕكابەر، هەوڵدانە بۆ یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد، كۆكردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، رێز گرتنە‌ لە‌ سیمبولە‌كانی نیشتمان، بەڵام بە داخەوە لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەك جاران یە‌كڕیز نین.


ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵکانێکی مافیا ئاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم خزمەت بەخەڵكی كوردستان بكەم.


باوکە گیان.. 

 
بەڵێنت پێدەدەم وەک تۆ شەڕ لەپێناو ئازادی گشتی و ئازادی بیروڕا دەکەم. وەک تۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووس و رەخنەگران و نووسەران دەکەم و بەرگریكاری مافی ژنان دەبم.
دڵنیابە لەگەڵ دڵسۆزانی راستەقینەت لە ئێستا بە دواوە بە گوڕوتینی زیاترەوە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانت تێدەکۆشین بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و یەکێتی ناو ریزەکانی یەکێتی و یەکێتی ریزەکانی کورد. دەزانم لەم ڕێگەیەدا تووشی ڕێگری و ناخۆشی و کۆسپی زۆر دەبین، بەڵام بە شانازییەوە هەرچی ناخۆشی و سەختییە قبوڵی دەکەین و چی لە بەرژەوەندی گشتی دا بێت ئەوە دەکەین.


کوڕی خۆت
قوباد

 


PM:12:56:03/10/2020