پەرلەمانتارێكی پارتی داهاتی فرۆشی نەوت ئاشکرا دەكات

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھەرێمی کوردستان تا ئێستا دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەی فرۆشتنی نەوتی وەرنەگرتووە و ڕەنگە ماوەی مانگێکی پێ بچێت تا پارەکە دەگاتە ھەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دڵشاد شەعبان، لەلێدوانێكدا بە سایتی رەسمی پارتی وت: دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان لە عەمبارەکانی تورکیا ھەبوو، ئەمەش بە دوو قۆناخ فرۆشراوە، قۆناخی یەکەم ملیۆنێک بەرمیل و قۆناخی دووەمیش ملیۆنێک و٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە وڵاتانی ئەورووپا فرۆشراوە، لەوانەش ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.
دڵشاد شەعبان وتیشی: بەپێی گوتەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە دەتوانن ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشن و تا کۆتایی ئەمساڵیش توانای فرۆشتنی ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا دەبێت.
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بەپێی نرخی جیھانی دەفرۆشیت، کە لە ٩٥ دۆلارەوە دەست پێ دەکات تاوەکو ١٠٥ دۆلار، بەڵام لە داھاتی ئەو نەوتە کرێی کۆمپانیاکانیش دەدرێت کە ئەوە حکوومەتی ھەرێم دەزانێ لە سەدا چەندی بۆ ئەوانەیە ١١%ـە یاخود زیاترە، ئەمەیش لەو داھاتە دەبڕدرێت.

دڵشاد شەعبان زیاتر وتی: چوارشەممەی داھاتوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی پەرلەمان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان کۆ دەبێتەوە و تێیدا باسی داھات و چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەو کات بە تەواوەتی ڕوون دەبێتەوە کە نەوتی ھەرێم چۆن ھەناردە دەکرێت و چۆن دەفرۆشرێت و داھاتەکەیشی چەندە.

شەعبان وتیشی: رێکاری وەرگرتنی پارەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش بەو جۆرەیە کە یەکسەر ھەمووی وەرناگرێت و ئەمە لە ھیچ کۆمپانیایەکی جیھاندا نییە، بەڵکوو مانگانە رێژەیەکی ئەو پارەیە دەدرێت و سەرەتا دەچێتە حیساباتێک لە ئەمەریکا، دواتر دێتە تورکیا و ئەو کاتیش رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە رەنگە تا دەگاتە ھەرێمی کوردستان مانگێکی پێ بچێت.

ھەروەھا ئاماژەیشی دا: زەحمەتە جارێ پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتە بگاتە ھەرێمی کوردستان و ماوەیەکی پێویستە، بەڵام ھەرێم دەتوانێ لە بانکەکانی جیھان پارە قەرز بکات و ھەر کات پارەی نەوتی خۆی وەرگرت، قەرزەکە بداتەوە.



PM:04:13:02/06/2014