ڤیدیۆ.. لە ناشتنی شاعیر جەلال مەلەکشا نەهێڵرا تەڵقین بەعەرەبی بخوێندرێت‌و بەدەم ئەی رەقیبەوە نێژرا

ئەمڕۆ یەک شەممە ١ی تشرینی دووەم لە گوندەکەی مەلەکشا لە پارێزگای سنە، شاعیری گەورە جەلال مەلەکشا لە نێو ئاپۆڕای کەسوکار و رۆشنبیراندا نێژرا، سەرباری ئەو کەشە سەرکوتکارەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئارادیە، بەڵام خەڵکی پرسە گێڕ نەیانهێشت تەلقینی ئەو شاعیرە بە زمانی عەرەبی بخوێنرێت، هەروەها خەڵکە بەدەم سروودی " ئەی رەقیبەوە" جەنازەکەیان ناشت.

 
ساڵی ١٩٥١ (١٣٣٠ ک. ھ) لە گوندی مەلەکشا سەر بە پارێزگای کوردستان (سنە) لەدایکبووە. ھەر لە شاری سنە خوێندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە. لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی. لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران. پاش ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٧ ک.ھ.) دەست دەکات بە نووسین بە زمانی کوردی. بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە.


لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتیی محەممەدڕەزا پەھلەوی، بەھۆی شیعر و نووسراوە ڕەخنەگرانەکانییەوە چەند ساڵێک بەندکرا. چالاکییە سیاسییەکانی لەو سەردەمەدا زیاتر بەرەو بیروباوەڕی چەپ بوو. ئەندام و لایەنگری چەند لە گرووپە چەپەکانی ئەو سەردەمە بووە.


شیعر و نووسراوەکانی مەلەکشا لە سەردەمی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران سانسۆر کراون یان ڕێگرییان لێکراوە بڵاوببنەوە. جەلال مەلەکشا ھەم لە شیعری فارسی و ھەم لە شیعری کوردیدا ڕەچەشکێن و نوێخواز بووە. شیعرەکانی تا ئێستا بۆ زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، سوێدی، و عەرەبی وەرگێڕدراون.


«زڕەی زنجیری وشەکان» یەک لەو بەرھەمانەیەتی کە پاش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ڕێگەی بڵاوبوونەوەی پێدراوە، «ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟» و «داستانی دارە پیرە» دووان لە شیعرە بەناوبانگەکانی ئەو کتێبەن.


جەلال مەلەکشا لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا لە شاری سنە بەھۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە گوندی مەلەکشا بە خاک سپێردرا، بە ئامادەبوونی ڕێپێوانی جەماوەری خەڵک.

 
ئەم نوسەرو شاعیرە نوێخوازە دەیان بابەتی بە چاپەنەگەیەنراوی هەیەو هێشتا رووناکیان نەبینیووە.

 

 


PM:08:06:01/11/2020