میدیای پەکەکە: بارزانی ڕاگەیەنراوێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە

میدیای پەکەکە، وەک وەڵامێک بۆ مەسعود بارزانی بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە بەناونیشانی " بارزانی ڕاگەیەنراوێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە ".


ئاژانسی فورات نیوز کە وەک زمانحاڵی پارتی کرێکارانی کوردستان دەردەکەوێت، لە نووسینێکدا بەناونیشانی " بارزانی ڕاگەیەنراوێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە"، دەڵێت " مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە دوای هەفتەیەک لە بانگەوازیەکەی موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و پەکەکەی تاوانبار کرد، بەڵام لەبارەی داگیرکەری دەوڵەتی تورک تەنانەت یەک قسەشی نەکرد".

 
هەروەها هاتووە "مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا وتی،"ئێمە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە"، بەڵام ئاماژەی مەترسیداری بە ئەگەری شەڕدا".

 
لە بابەتەکەی فورات نیوزدا هاتووە " بارزانی وتی، " هەڵوێستی ئێمە کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، پێویستە لەبەرانبەر هاوڵاتیانمان کە ناچار دەبن شوێنی خۆیان بەجێ بهێڵن و دەبنە قوڕبانی و بە شێوەیەکی ناحەق شەهید دەکرێن، وەک بێدەنگیەک نەبینرێت."

 
ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە "بارزانی ڕاشیگەیاند کە پێشمەرگە بە شێوەیەکی 'قاڕەمانانە' لەدژی داعش شەڕی کرد، لە هەمانکاتدا ئەوەشی قبوڵ کرد کە لە هەرێمە سنوریەکان کشاونەتەوە و لە هەمانکاتدا تاوانبارکردنی پەکەکەی هەڵبژارد".

 
هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو " بارزانی وتی،"پەکەکە هەرێمە سنوریەکان و هەندێک دەڤەری تری داگیر کردووە و خۆی وەک جێگروەی حکومەتی هەرێم لەقەڵەمدا."

 
دەربارەی دۆخی خراپی باشووی کوردستان لەرووی ئابوری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیەوە، فراتنیوز دەڵێت "بارزانی نەبوونی خزمەتگوزاری دەیان ساڵەی لە هەندێک هەرێم کە وەک گرێکوێرە ماوەتەوە و پەیوەندی بە گەندەڵیەوە هەیە، ویستی بە پەکەکەوە ببەستێتەوە. بەپێی قسەکانی بارزانی، پەکەکە ئاستەنگە لەبەرانبەر گەڕانەوەی خەڵکی بۆ گوند و هەرێمەکانیان."

 
ئەو ئاژانسە دەشڵێت "سەرۆکی پەدەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەکەکە بۆ هەرێمی کوردستان بووەتە مەترسی و وشەی داگیرکردنی بەکارهێنا و وتی، دەبێت پەکەکە بچێتە دەرەوە.سەرنجڕاکێشە کە بارزانی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی ئەو ناوچانەی نەکرد کە دەوڵەتی تورک داگیری کردوون و لەهەمانکاتدا باسی رەوانەکردنی سەربازانی تورک بۆ هەرێمی کوردستان و کوشتنی دەیان خەڵکی مەدەنی نەکرد".

 
دەربارەی جموجووڵی پێشمەرگە بەرامبەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گەریلا، ئەو ئاژانسە دەڵێت " ڕاگەیەنراوەکەی بارزانی لە کاتێکدایە کە جموجووڵی پێشمەرگەکان بە هاوکاری دەوڵەتی تورک، بۆ هەرێمەکانی هێزی گەریلا بەردەوامە. بارزانی پەکەکەی کردە ئامانج و وەک داگیرکەری بەناوی کرد و لە هەمانکاتدا جموجووڵی سەربازی بۆ چیای گارە و دەشتی نهێل دەستیپێکرد".


فراتن نیوز لەو بابەتەدا جارێکی تر لێدوانەکانی موراد قەرەیڵانی فەرماندەن هەپەگەی هێناوەتەوە کە داوای پێشاندانی هەڵوێستی لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کردبوو دەرباری جووڵانی هێزی پێشمەرگە لە چیای گارە.




AM:11:40:03/11/2020