كه‌سوكاری كچه‌ كوژراوه‌كه‌ی ئەمڕۆی شاری سلێمانی هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند

کەسوکاری کچە کوژراوەکەی شاری سلێمانی هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و دەڵێن" کێشەیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نیە و چاوەڕوانی ڕونکردنەوە و لێکۆڵینەوەی پۆلیس و ئاسایشن".

 

شیلان عارف خوشكی ئەو كچەی ئەمڕۆ لە سلێمانی تەرمەكەی دۆزرایەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا رایگه‌یاند" سکاڵایان تۆمارکردووە لەبارەى کوشتنى شۆخانى خوشکى و چاوەڕوانى لێکۆڵینەوەکانى پۆلیسن".

 

ڕاشیگەیاند" شۆخان لەکاتى چوونى بۆ سەر کارەکەى لەدادنوسى سلێمانى کوژراوە و نازانن هۆکارەکەى چییە، تا پێش رووداوەکەش قسەیان کردووە لەگەڵى و کێشەى نەبووە". 

 

لەبارەی پەیوەندی رووداوی كوژرانی خوشكەكەی بەرووداوەكەی قەزای دوكانەوە وتی" لەگەڵ ئەو كەسەدا هیچ ناسراوییەكمان نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەردوو رووداوەكە لەیەك رۆژدا روویداوە لەوانەی پەیوەندیان پێكەوە هەبێت یان هەر نەشیان بێت، بۆیە لێكۆڵینەوەكان بۆ پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار جێدەهێڵێن".

 

لەبەشێكی تری كۆنگرەكەدا لەبارەی ئەوەی خوشكەكەی كێشەی هەبووە پێشتر ئاماژەی بەوەکرد، خوشكەكەم خاوەنی دوو منداڵە، ساڵی ٢٠١٣ بەرەزامەندی هەردوولا لەگەڵ هاوسەرەكەی جیابوەتەوەو لەدوای ئەوەوە لەگەڵ دایكم و براكەمدا پێَكەوە ژیاون.

 

وتیشی" هەر كەس و لایەنێك تاوانەكەی ئەنجامدابێت لێی خۆش نابین، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانین و پێش ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان ناكەوین". 



PM:09:00:09/11/2020