سوپاسنامەیەک لە خانەوادەی کۆچکردوو قادری حاجی عەلی-یەوە

بنەماڵەی قادری حاجی عەلی کە ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ كەسایەتی سەربەخۆ و دیاری کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی كۆچی دوایکرد، سوپاس نامەیەک ئاڕاستەی دامودەزگاکانی حکومەت و هاوڵاتیان و حزبەکان دەکەن کە ئەمە دەقەکەیەتی. 

 

سوپاسنامە: 

خوشکان و برایان، دۆستان و دڵسۆزانمان، هاونیشتمانیانی بەڕێز لە وڵات و دەرەوەی وڵات؛ زۆر سوپاسی وەفاداریتان و دەربڕینی هەستی کەسایەتی و خۆشەویستی و پەرۆشیتان ئەکەین، کە هەر لەسەرەتای نەخۆشکەوتنی رەوانشاد کاک قادر بە هەواڵپرسین و نزاکاردنتان، سەردانیکردنتان لە نەخۆشخانە و دواتریش لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا، هەروەها بەشداریتان لەپرسەکەدا وە سەرەخۆشیکردنتان بە نامە و تەلەفۆن و سەردانیکردنمان لەگەڵماندا بوون.

زۆر سوپاسی بێ پایانمان بۆ سەرجەم پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و ئیداریی لە شاری پزیشکیی فاروق، کە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسیەوە بە درێژایی کاتی مانەوەی کاک قادر لە چاودێری و هەوڵی چارەسەرکردنیدا بوون.
 
هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی زۆریشمان بۆ سەرجەم دام و دەزگا حکومی و ناحکومیەکانی پارێزگای سلێمانی، و ئەو دۆستانەمان کە ئەرکی رێکخستن و مەراسیمی گواستنەوەی روفاتی کاک قادریان خستە ئەستۆی خۆیان. 

لێرەوە بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردن لە هاوڵاتیان بکەین، ئەگەر بەهۆی ئەو مەراسیمەوە هەر گرفتێکی هاتوچۆیان بۆ دروست بوبێت.

دەستخۆشی و سوپاسیشمان بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن، کە بە شێوەیەکی شایستە رووماڵی مەراسیمەکەیان کرد.

هاونیشتمانیانی ئازیز،

جوانمەرگ کاک قادر لە تەمەنی درەوشاوەیدا چ بە پێشمەرگەیی و شێوازە خاکیەکەی خۆی لە سەرکردەبوون، و هەم لە ژیانی سەربەخۆییدا سەلماندی، کە تەنها کوڕی سلێمانی و ئێمە نەبوو، بەڵکو موڵکی نیشتمان و  گشت گەلەکەی بوو، بەڕێزیشتان بە نیشاندان و دەربڕینی هاوماتەمیی خۆتان ئەو راستیەتان بۆی دوپاتکردەوە و رەوانیتان ئاسودەکرد. 

کاک قادر دیاردەیەک بوو لە سەرچاوەی ئیرادە و وزە بۆ هاندان بۆ بەئاشتی  پێکەوە ژیان و خۆشگوزەرانیی میللەتەکەی، هاوتەریب بۆ سەرنەوی نەکردن و بەرزڕاگرتنی شکۆی تاکی کورد. ئەو ئامانج و خواستانەی بۆ گەل و نیشتمان، وە بیر و هزری ئازادی و دادخوازیی بۆیان، مۆرک و رێچکەیەکن کە بەزیندوویی لەپاڵ ناوە شکۆدار و مەزنکەیدا هەر بەزیندوویی ئەمێنن. 

بەڕێزان هاوخەمی و بەشداریتان بە  شێوازی جیاواز لەم کۆستە گەورەیەدا سەبوری و ئارامیمان پێ دەبەخشێت. لە پەروەردگار داواکارین کاک قادر لەگەڵ کۆچکردووانی هەموان بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و بە بەزەیی خۆی شیفای سەرجەم نەخۆشەکانمان بدات و مرۆڤایەتیش لەم پەتا جیهانیە کوشندەیەبپارێزێت. 

بەڕێزیشتان سەرفراز و تەندروستباش بمێنن و رێز و سوپاسی دووبارەمان قبوڵ بفەرموون.

إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعونَ

بنەماڵەی قادری حاجی عەلی



PM:05:53:16/11/2020