جەمیل بایک ئامادەیی پەکەکەی پێشاندا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی



هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، جەمیل بایک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەکەکە دەیەوێت کێشەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی چارەسەربکات.

 


 جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی راگەیاندووە، "ئێمە دژی کەس نیین، بە ئاشکرا دەڵێم: نامانەوێت کێشەکان بە شەڕ چارەسەر بکەین، دەمانەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، ئێستاش ئامادەین کۆببینەوە، دەمانەوێت خزمەتی گەلەکەمان بکەین، بۆیە نامانەوێت ئاستتەنگی بۆ کەس دروست بکەین، وەکو چۆن نامانەوێت کەس ئاستتەنگیمان بۆ دروست بکات".

 


جەمیل بایک لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "دۆستانی کوردیش هەمان قسەیان کرد، لە پەرلەمانی ئەوروپاوە وتیان ئێمە دژی شەڕی نێوان کوردین، پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن."

 


ئەو سەرەتای دروستبوونی بارگرژیەوەو هەڵوێستی خەڵک ئاشکرا دەکات و دەڵێت " کاتێک هێز هێنرایە زینێ وەرتێ و خواکورک و گارە، گەلی کورد هەڵویستی نیشاندا، هەمووان وتیان دژی شەڕین، کورد خۆی بە جیهان ناساندووە، هەموو باجیان داوە، مافی کەس نییە مەترسی لەسەر ئەمە دروست بکات و لەدەستی کوردی بیبات، ئێمەش قبوڵی ناکەین."




ئەوەشی خستۆتەڕوو، "بانگەوازی ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایەیە، با کەس گەمارۆمان نەدات و فشارمان بۆ نەهێنێت و شەڕمان پێنەفرۆشن، بۆیە داوامان ئەوەیە با ئەو هێزانە بچنەوە شوێنی پێشووی خۆیان، ئەمە داوای گەلی کورد و هەموو کەسێکە، هەموو دەڵێن با شەڕ نەبێت."




ئەو بارگرژیە کە ماوەیەک لە نێوان پەکەکە وپارتی درێژەی هەیە، سەرەتا لە هێنانی هێزەوە بۆ زینی وەرتێ لە ناوچەی رانیە دەستپێدەکات و دواتر تەقاندنەوەی بۆری نەوتی کوردستان لە باکورو بە بارگرژی نێوان گەریلا و پێشمەرگەش لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم لە چەمانکێ و برینداربوونی سێ پێشمەرگەو دواتر گیان لەدەستدانی یەکێکیان ئەو بارگرژیە گەیشتە لوتکە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە بەهەوڵی ناوخۆ و راگەیاندنی ئەم پەیامە بۆ ئاشتی دەرفەت لەبەردەم گفتوگۆدا کراوەتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.

 


PM:02:14:29/11/2020