هاوسەرگیریەکەی شەقڵاوەی پیاوێکی ٤٠ ساڵە بۆ کچێکی ١٣ ساڵە راست دەرچوو

لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزان لە شەقلاوە ڕایگەیاندووە " هاوسەرگیریی ئەو پیاوە تەمەن سەرو ٤٠ ساڵەی لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بڵاوکرایەوە، ڕاستە و ئەوە ژنی چوارەمییەتی کە هێناویەتی".

 

 
ماڵپەڕی "نەوژین" کە تایبەتە بە ژنان لە زاری سەفین تاهیر، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان رایگەیاندووە "بۆ ئەو حاڵەتە بەوردی بەدواداچوونم کردووە، ئەو کەسە سێ ژنی هێناوە، ئەمە ژنی چوارەمیەتی، ماوەی دوو ساڵە لەهەریرەوە چووەتە هەولێر لەوێ نیشتەجێیە."  


  


سەفین تاهیر ئەوەشی خستۆتەڕوو کە پەیوەندی بەو کەسەوە کردووە و قسەی لەگەڵ کردووە، وەڵامەکی بەمشێوەیە بووە: "بەڵێ من هاوسەرگیریم لەگەڵ ئەو کچە کردووە، بەڵام تەنها پرۆسەی مارەکردنمان ئەنجامداوە، خیزانی کچەکە خەڵکی پارێزگای موسڵن و لە نەتەوەی عەرەبن، باوکی هاوڕێمە و پێی وتم، کچەکەی خۆمت پێدەدەم ئەگەر یەکتان بەدڵ بوو، دواتر یەکمان بینی بەدڵم بوو و هاوسەرگیریمان کرد".  

 


لێپرسراوی نوسینەگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە شەقڵاوە، دەشڵێت، ئەگەر کەیسێکی لەو شێوەیە لە سنوری کارەکانیان هەبێت رێکاری یاسایی دژی دەگرنەبەر.  



  
هەفتەی رابردوو وێنەی هاوسەرگیریی پیاوێک لەگەڵ کچێکی تەمەن 13 ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام دواتر ئەو کەسە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا هەواڵەکەی بەدرۆخستەوە و ڕایگەیاند ' ئەو کچە کچی هاوڕێیەکمە و  باوکی بانگێشتی هاوسەرگیریەکەی کردووم".


  




PM:12:14:30/11/2020