عێراق یەکەمین مانگی دەستکرد رەوانەی ئاسمان دەکات

لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ یەکەم جار عێراق مانگی دەستکردی خۆی رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکا.

وەزارەتی زانست و تەکنەلۆژیای عێراق رایگەیاند: بۆ یەکەمین جار لە کۆتایی ئەم مانگەدا وڵاتەکەی مانگێکی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات و ئەرکی ئەو مانگە دەستکردەش تایبەت دەبێ بە چاودێریکردن و گەیاندنی گۆرانکارییەکانی تایبەت بە کەشوھەوای عێراق

بریکاری وەزارەتی زانست و تەکنەلۆژیای عێراق سەمیر عەتار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "مانگە دەستکردەکە، بە ھەوڵ و کۆششی ئەندازیارانی عێراقی و بە یارمەتی ئەندازیارانی ئیتاڵیا دروستکراوە، لە کۆتایی ئەم مانگەشدا کارەکانی دروستکردنی بە تەواوی کۆتایی پێدێ و پاشان رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێ."

لە درێژەی قسەکانیدا عەتار ئەوەشی خستەروو کە ئەندازیارانی ھەر سێ وەزارەتەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان و گواستنەوە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە یارمەتی ئەندازیارانی ئیتاڵی لە دروستکردنی مانگە دەستکردەکە، بەشدار بوونە.

بریکاری وەزارەتی زانست و تەکنەلۆژیای عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، لە شاری ئەزنی لە کۆماری روسیا، ئەو مانگە دەستکردەی عێراق رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێ.

بەپێی زانیارییەکان، بەناردنی ئەو مانگە دەستکردە کە لە بواری چاودێری و گۆڕانکاری کەشوھەواو بەکار دەھێنرێ، ئەمە دەبێتە یەکەمین مانگی دەستکرد کە  عێراق رەوانەی بۆشایی ئاسمانی بکا.

ساڵی رابردووش وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بۆ یەکەم جاری نیازی دروستکردنی مانگێکی دەستکردی راگەیاندبوو، ئەویش لە رێگای واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا بیانییەکانی جیهان کە  لەو بوارەدا کار دەکات.




PM:03:50:08/06/2014