"گۆڕان‌و یەكێتی ناوێرن ناوی وەزیرەكانیان ئاشكرا بكەن"

بۆ ئەوەی هەمان كێشەی یەكگرتوو و كۆمەڵ دوچاری گۆڕان‌و یەكێتی نەبێتەوە تا ئێستا نەیانوێراوە ناوی وەزیرەكانیان بە رەسمی ئاشكرا بكەن‌و بە نهێنی هێشتوویانەتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای رایگەیاند "بەوپێیەی پرۆسەی دیاریكردنی وەزیرەكان لە هەموو حیزبەكان بە بێ جیاوازیی بەشێوەیەكی نادیموكراسیانە بەڕێوەچووە، گۆڕان‌و یەكێتیش بۆ ئەوەی روبەڕوی هەمان كێشەی كۆمەڵ‌و یەكگرتوو نەبنەوە ناوێرن ناوی كاندیدەكانیان ئاشكرا بكەن".

تا 20ی حوزەیران دەبێت سەرجەم ناوی هەر 19 وەزیرەكەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم لەلایەن لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە ئاراستەی سەرۆكی راسپێردراوی پێكهێنانی حكومەت نێچیرڤان بارزانی بكرێت بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێك بە رەسمی ناوی كاندیدەكانی خۆی ئاراستەی سەرۆكی حكومەت نەكردوە.

ئەوەشی تا ئێستا بڵاوكراوەتە، لێدوانی رۆژنامەوانین كە لەلایەن مەكتەبی سیاسی حیزبەكانەوە دزەی كردوە.

یەكگرتوو و كۆمەڵ لە دوو هەفتەی رابردوودا ناوی وەزیرەكانیان ئاشكرا كرد، بەڵام دوچاری كێشەی ناوخۆیی بوونەوە‌و ژمارەیەكی بەرچاو لەكادیرەكانی هەردوو حیزب ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر  بە نادیدەگرتنی كاندیدە گەنجەكان بۆ پۆستی ئەو وەزارەتانەی دانراون.



PM:04:49:08/06/2014