سەنتەری میترۆ توندوتیژی و رێگری بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی میدیا سەركۆنە دەكات

سەنتەری میترۆ بریاری داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕتی، هەموو رواڵەتەكانی توندوتیژی و رێگری بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگانی میدیا سەركۆنە دەكات، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ژیانی رۆژنامەنووسان بپارێزێت، ئاستەنگ بۆ كاری رۆژنامەنووسی دروست نەكەن.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە كافی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند" لە چوار رۆژی رابردودا، لەناو شاری سلێمانی و هەندێ قەزاو ناحییەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، هێزە ئەمنییەكان لەچەند ناوچەیەكدا رووبەرووی رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران توندوتیژییان بەكارهێناوە، رێگرییان لە چەند كەناڵێكی راگەیاندن كردوە، دوو رۆژنامەنوسی كەناڵی ئین ئارتیان دەستبەسەركردوە، بەشەق پەلاماری خانمە رۆژنامەنوس (هەوراز ئەحمەد) پەیامنێری شار پرێس دراوە، چونەتە سەر دەزگای میدیایی چەتر و چەندین یاساشكێنی بەرامبەر بە میدیاكارانی ترو توندوتیژیی و دەستبەسەركردنی خۆپیشاندەران لە شارەكانی رانیە و سلێمانی (ئەوانەی سلێمانی ئازاد كراون و دیار نییە ئەوانەی رانیە هەموو ئازاد كرابن". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە تازەترین پێشهاتیشدا بەرەبەیانی دووشەممە هێزێكی ئەمنی چوونە سەر بارەگای سەرەكی كەناڵی ئێن ئارتی لەشاری سلێمانی و پەخشی كەناڵەكەیان راگرت، هێزەكە قفڵیان لە كەناڵەكەداوە لەبەردەم كەناڵەكەدا جێگیركراون و بەشێك لە كەلوپەلەكانیان بردووە و بەشێكی دیكەشیان شكاندووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەبری ئەوەی رێكخراوە مەدەنییەكانی كوردستان، بەرامبەر پێشێلكاری و هێرش بۆسەر چالاكی مەدەنی ئازادی رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن، هەڵوێست وەربگرن و بیدەنگ نەبن، بەرپرسان و كەسانی دەسترۆشتووی ناو دەسەڵات و پارتە سیاسییەكانی تر چەندین لێدوانیان داوە كە بەرگری لە ئازادی دەكەن. مافی هاوڵاتیان لە خۆپیشاندان دەكەن و پشتیوانی لە داخوازییەكانیان دەكەن.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە" وەك چۆن هێرش بۆسەر ئازادی رۆژنامەنوسی و خۆپیشاندانی ئاشتیخوزانەی مەدەنی جێگەی شەرمەزارییە، بەهەمان ئەندازە بێدەنگبوونی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەر توندویژی و یاساشكێنی جێگەی شەرمەزارییە". 

سەنتەری میترۆ رایدەگەینێت" هەموو رواڵەتەكانی توندوتیژی و رێگری بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی میدیا سەركۆنە دەكات، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ژیانی رۆژنامەنوسان بپارێزێت، ئاستەنگ بۆ كاری رۆژنامەنوسی دروست نەكەن". 

سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵكوتانە سەر كەناڵی ئین ئارتی و بریاری داخستنەكەی دەكات و داوا دەكات ئەو بریارە دەسبەجێ هەڵوەشێتەوە و هەموو جۆرە توندوتیژییەك بەرامبەر بە چالاكی مەدنی ئاشتیخوازانە شەرمەزار دەكات، داوا دەكات ئەو خۆپیشاندەرانەی تا ئێستا ئازاد نەكراون، ئازاد بكرێن.

هەندێ كەیسی پێشێلكاری كە لە چوار رۆژی رابردوودا لە سەنتەری میترۆ تۆمار كراون:

 

• بەرەبەیانی دووشەممە هێزێكی ئەمنی چوونە سەر بارەگای سەرەكی كەناڵی ئێن ئارتی لەشاری سلێمانی و پەخشی كەناڵەكەیان راگرت. هێزەكە قفڵیان لە كەناڵەكەداوە لەبەردەم كەناڵەكەدا جێگیركراون و بەشێك لە كەلوپەلەكانیان بردووە و بەشێكی دیكەشیان شكاندووە. 

 

• پێش نیوەرۆی یەكشەممە 6/12/2020، هێزێكی ئەمنی چونە سەر دەزگای میدیای چەتر لەشاری سلێمانی. پەریان ئەحمەد زەردەشت كارمەندی ئەو دەزگایەو ئەندامی سەنتەری میترۆ پەیوەندی پێوەكردین پێی راگەیاندین كە مەفرەزەیەك لەبەردەم پرسگەی باڵەخانەكەیان وەستاون پرسیار دەكەن لەو كەسانەی كە دەچنە ناو باڵەخانەكە، كە بۆ كوێ دەچن؟ ئەگەر كارمەندی چەتر بن ئەوە رێگرییان لێدەكەن. پێیان وتوون لێرە دەبن تا لەسەرو خۆیانەوە فەرمانیان پێدەكرێت، تا ئامادەكردنی ئەم بەیاننامەیە كامەندان لەناو دامەزراوەكەن، هێزە ئەمنییەكەیش شوێنەكەی چۆڵنەكردوەو ناشزانن چییان دەوێ لەو كارمەندانە.

 

• شەوی یەكشەممە لە پیرەمەگرون چەند كەسێكی نەناسراو پەلاماری تیمی رۆژنامەوانی (ئاژانسیی میدیای ژیان) درا. 

 

• شەوی یەكشەممە 6/12/2020 لە ناحییەی پیرەمەگرون، لەبەردەم كۆمیتەی یەكێتی، لەكاتی ڕوماڵدا بەشەق‌ و بۆكس پەلاماری پەیامنێری سایتی شارپرێس (هەوراز ئەحمەد) درا. هەوراز بە میترۆی ووت" سەرقاڵی روداوی دوای سوتانی كۆمیتەی یەكێتی بووم پاسەوانێك پەلاماری قورگی دام پاشان منیان لەژێر دەستی دەرهێنا و ئەویش بە هەموو هێزێكییەوە شەقێكی لێدام"

 

• شەوی یەكشەممە 6/12/2020 لەكاتی پەخشی راستەوخۆی كەناڵی NRT لەسەر شەقامی كەركوك سلێمانی لە ناحییەی بازیان كەسێك كە خۆی وەك ئاسایش پیشاندا پەلاماری مایكی پەیامنێرەكەی دا، بەڵام خۆپیشاندەران رێگرییان لێكرد.

 

• لەرۆژی شەممە و یەكشەممە قەزای رانیە، هێزە ئەمنییەكان رێگرییان لە میدیاكاران كرد روماڵی خۆپیشاندانی بەشێك لە خەڵی ئەو شارە بكەن، چەند بەشدابوویەكی خۆپیشاندانەكەیش دەسگیركران، بەشێكیان، ئازادكراون و بەشێكیان دەستبەسەرن، ژمارەیان نەزانراوە.

 

• رۆژی پێنج شەممە 3/12/2020 لە دوو كاتی جیادا دوو تیمی كەناڵی NRT لە خۆپیشاندانەكەی سلێمانیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركران، كەمێك پێش ئێستاش تیمی دووەمی ئێن ئاڕ تییش دەستگیركران، تیمی یەكەمیان پاش 30 خولەك ئازادكراون و دەست بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەنوسیان گیراوە، تیمی دووهەمیان گواستراونەتەوە بۆ بنكەی پۆلیسی سەرا، لەوێ بۆ چەند كاتژمێرێك دەستبەسەركراون. 

 

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
میترۆ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە، هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، رێكخراوی (Internews) ی ئەمریكی، وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوی هاریكاری و گەشەپێدانی سویدی Sida، پاڵپشتی كردوە.



PM:12:13:07/12/2020