حزبی شیوعی داوای ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپێشاندەران دەکات

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانیەوە داوای ئاشكراكردنی بكوژان و دادگایی كردنیان دەكات.

 

 
لەو بەیاننامەیەدا کە مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان دەریکردووە، دەڵێن " ئێمە دووپاتی پشتگیری لە خۆپیشاندانی مەدەنی و هێمنانە و بەشداری سیاسی راستەوخۆی هاوڵاتیان دەكەینەوە، کە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە و پێویستە دوور لە توندوتیژی پەیرەو بكرێت و بەهیچ بیانویەكیش رێگری لە خۆپیشاندان نەكرێت کە بەشیکە لە مافی ھاوڵاتی و ئازادییە سەرەتاییەکان".


دەقی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان..

 

 
لە به رواری ٩/١٢/٢٠٢٠ دا مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا، و بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان و هەڵكشانی نارەزایەتی كۆمەڵایەتی تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكە بوو. لەو بارەیەوە جەخت لە سەر ئەم خاڵانە کرایەوە :


- هەڵكشانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی ئەنجامی چارەسەرنەكردن و كەڵكە بوونی قەیرانەكانە و ڕەوایەتی خۆی لە واقعی ژیانی ئەمرۆ و قەیرانی گشتگیر لە ئاستی ئابوری و سیاسی و حكومدارییەوە وەرگرتووە. 


- ئێمە جەخت لەسەر ھەڵوێستی مەبدەئیانەی خۆمان دەکەینەوە و دووپاتی پشتگیری لە خۆپیشاندانی مەدەنی و هێمنانە و بەشداری سیاسی راستەوخۆی هاوڵاتیان دەكەین، کە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە و پێویستە دوور لە توندوتیژی پەیرەو بكرێت و بەهیچ بیانویەكیش رێگری لە خۆپیشاندان نەكرێت کە بەشیکە لە مافی ھاوڵاتی و ئازادییە سەرەتاییەکان.


- جێگای داخە کە تا ئێستا چەندین هاوڵاتی شەهید و برینداربوونە. بەو بۆنەیەوە خۆمان بە هاوبەشی غەمی خانەوادە و هەموو لایەك دەزانین و داوای ئاشكراكردنی بكوژان و دادگایی كردنیان دەكەین، و ھیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.


- جێگای داخە ئیتلافی حوکمران بە بێ‌ منەتی مامەڵە لە گەڵ قەیرانەکان دەکات و دان بە شوناسیان ناھێنێت و تەنھا وەک دۆسێیەکی ئەمنی مامەڵەی لە گەڵدا دەکات، لە کاتێکدا ڕەوشی کوردستان پێویستی بە نەخشەیەكی روونی نیشتمانی لە ئاستی سیاسی و ئابورییەوە ھەیە، کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی دابین بکات و مافە نیشتمانییەکان مسۆگەر بکات و باری بژێوی زەحمەتکێشان باشتر بکات و ژیانی پڕ کەرامەتیان بۆ دابین بکات، و سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم بابەتانەش چەندین جار رای خۆمان لەو بارەیەوە خستۆتە ڕوو.


مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان


9ی 12/ 2020


حزبی شیوعی کوردستان

 


PM:12:39:10/12/2020