ڕوونکردنەوەیەک لە خانەوادەی کۆچکردوو قادری حاجی عەلی-یەوە

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی مەراسیمی چلەی ماتەمینی قادری حاجی عەلی، کەسایەتی سیاسی ناسراوی کوردستان، خانەوادەکەی ڕوونکردنەوەیەکیان بۆڕای گشتی بڵاوکردەوە. 

 

بنەماڵەی قادری حاجی عەلی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، " لەگەڵ نزیك بونەوەی یادی چلەی سەركردەو تێكۆشەری دیار قادری حاجی عەلی ، هەموو خزم ودۆست و هاوڕێ و هاوخەبات و خۆشەویستانی ئاگادار دەكەینەوە كە ڕێوڕەسمی چلەكەی لەڕۆژی ٧/١/٢٠٢١ بەمەراسیم و ڕێوڕەسمێكی تایبەت بەڕێوە دەچێت و ڕۆژی ١٦/١٢ واتە چوار شەممە تەنها خانەوادەكەی سەردانی مەزارگەكەی دەكەن".

 

هەروەها ئەوەش هاتووە" لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی چلەكەی هاوڵاتیان لە ڕێوڕەسم و كات و شوێنی دیاریكراو ئاگادار دەكەینەوە". 

 

قادری حاجی لەدایکبووی شاری سلێمانیی و لە خێزانێکی تێکۆشەری ئەو شارەیە، برای هونەرمەندی ناسراو حەمەجەزایەو  خاوەنی چوار منداڵە.هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە جیولۆجی دا.


پێشمەرگەیەکی دێرینەو لەساڵی ١٩٨٠ ەوە بووبە پێشمەرگە و لەتەمەنی ٢٨ ساڵیدا بووبە سەرکردایەتی کۆڵەی رەنجدەرانی کوردستان و بەیەکێک لەسەرکردە دیارەکانی یەکێتی و دواتر گۆڕان دادەنرا، لەبەر ناکۆکی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێستا گۆڕاندا لەو بزووتنەوەیە دوورکەوتووەو وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ تا دوا ساتی کۆچکردنی مایەوە.


ئەو دەمەی نەوشیروان مستەفا لە ژیاندابوو قادری حاجی عەلی  بە دووەم بەهێزترین كەسایەتیی گۆڕان دەناسرا، ئەو ئەندامی دامەزرێنەری گۆڕان و، لە رابردووشدا بە یەكێك لە عەقڵە "مودەبیرەكانی" یەكێتیی هەژمار دەكراو ماوەیەکی درێژ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە.


قادری حاجی عەلی دامەزرێنەری دەزگای زانیاریی یەكێتییە، كە دەزگایەكی هەواڵگرییە و لە ئێستادا ئەم دەزگایە یەكێكە لە دو پایەكەی دامەزراوەی هەواڵگری كوردستان. 


ئەو سەرپەرشتیار و پلاندانەری میدیای یەكێتیی بووە لە ساڵاتی ١٩٩٠ كە ئەو كاتانە بە سەردەمی زێڕینی ئەو میدیایە ناوزەد دەکرا. ئەو ئەندامی گروپی ریفۆرمخوازان بوو لەناو یەكێتیی كە نەوشیروان موستەفا دروستكەری بوو، و یەكەمین ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە كە خۆبەخشانە وازیهێنابێت، تەنانەت بەر لە دروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕانیش. 


لە دوای دوورکەوتنەوەی لەگٶڕان لەلایەن ناوەندنێکی سیاسی و جەماوەری بەرفراوانی سلێمانی و هەرێمی کوردستانەوە وەک جێگای ئۆمێد و سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن تەماشایان دەکرد. 

 

قادری حاجی عەلی ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ كەسایەتی سەربەخۆ و دیاری کوردستان دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەمەنی ٦٥ ساڵی لە سلێمانی كۆچی دوایکرد.



PM:11:44:14/12/2020