داعش فرۆکەخانەی موسڵ و سەربازگەی غەزلانیشی داگیرکرد

‌بینایەی پارێزگای موسڵ - ئەرشیف
دوای کۆنترۆڵکردنی بینایەی پارێزگای موسڵ و سوتانی، چەکدارەکانی داعش هێرشیان کردە سەر سەربازگەی غەزلانی و فرۆکەخانەی موسڵ و ئەوانیش کۆنترۆڵکران و هەموو بەرپرسە گەورەکانی ئەو شارە رویان کردە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی موسڵ کە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی کوردی بە سپی میدیای راگەیاند کە پاش ئەوەی بینایەی پارێزگای موسڵ لەلایەن چکدارانی داعشەوە گیراو سوتێنرا، هێرشبەران هێرشیان کردە سەر سەربازگەی غەزالانی کە سەربازگەیەکی گەورەی سوپای عێراقەو پڕە لەچەک و تەقەمەنی. 
بەپێی سەرچاوەکەی سپی ئەو سەربازگە گرنەگەش لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کراوەو دواتر هێرشیان کردۆتە سەر فرۆکەخانەو ئەوێشیان کۆنترۆڵ کردووە. سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئێستا چارەنووسی ئەو دوو کۆپتەرە نازانرێت کە لە فرۆکەخانەکەدا بوون.
بەپێی ئەو زانیاریانە چەکدارەکان بەناوچەی دەواسەدا بڵاوبونەتەوە کە ئۆفیسی هەموو کەناڵە میدیاکانی لێیە. هەروەها چەکدارەکان کۆنترۆڵی دائیرەی نەهێشتنی تاوانیان کردووە کە بەندیخانەیەکی گەوەرەیەو هەموو زیندانەکانیان ئازاد کردووە.
سەرچاوەکەی سپی روونیکردەوە کەهەموو ناوچەی رۆژئاوای موسڵ کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی داعشەوەو بەرپرسانی پارێزگاکە بە مەدەنی و سەربازی و ئەمنییەوە هەڵهاتوون بۆ رۆژهەڵاتی شارەکە کە لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە.



AM:02:45:10/06/2014