تا ئێستا هێنانی شتومەک بەقاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە بەردەوامە.. ڤیدیۆیەکی نوێ ببینە

لە ڤیدیۆیەکی نوێدا چەند ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر ماسی و ئاژەڵی قاچاخ لە دەروازەی باشماخەوە دەهێننە ناو هەرێمەوە.

 

 
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆران لە پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، دەڵێت " بەھۆی ھێنانی  ئاژەڵ و ماسی قاچاخەوە،  جگە لە یاسا شکێنێ، تەندروستی ھاوڵاتیان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدایە، بەرپرسیاری یەکەمیش  ئێوەن کە ڕێگای لێناگرن". 

 

 
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لەگەڵ بڵاوکردنەوە ڤیدیۆیەکەدا نووسیوویەتی " بەبێ گومرگ و بەبێ ھیچ پشکنین و کەرەنتینەیەک، ڕۆژانە ھەزاران ئاژەڵ لەلایەن بەرپرسەکانەوە داخڵدەکرێن، ھێزە ئەمنیەکانیش لە بازگەکان بەڕێی دەکەن".

 

 
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت " خەڵکی کوردستان شاھیدە چەندین مانگە من داوادەکەم و ھاوار دەکەم ئەم قاچاخیە ڕابگرن، لە بری ڕێگری زیادو زیاد دەکات".

 


عەلی حەمەساڵح وردەکاری زیاتر دەدات و دەڵێت "  ئاژەڵ لە سوریا (ڕێگای سحێلا) و تورکیا(شیروان مەزن) و ئێران(پێنجوێن و تەوێڵە)  داخڵدەبێت".

 

 
ناوبراو دەشڵێت " بەرپرسەکان لە ئۆتۆمبیل و ھێلگەو جگەرەو  فەرشەوە  بۆ مەڕو گاو ماسی بەقاچاخ داخڵدەکەن و مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریان دەستدەکەوێت، ئیدی گلەیی چی لە عێراق دەکەن موچەی خەڵک نادات! ئێوە لە خەمی موچەی خەڵکدابان گەندەڵی و قاچاخیتان بەسەرەوە نەدەکردن".

 


کێشەی داخڵکردنی کەلوپەلی قاچاخ لە دەروازە سنوریەکانەوە بە بەرچاوی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و سەرکردایەتی هەر سێ حیزبی حوکمڕانەوە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و هیچ رێگری لێناکرێت.

 


PM:08:13:17/12/2020