لەحاڵەتی نائاساییدا مالیكی چ دەسەڵاتێكی دەبێت؟

بەپێی مادەی 61ی دەستوری عێراق، راگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی، لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.

كاتێك كە حاڵەتی نائاسایی لە پەرلەمان خرایە دەنگدانەوە دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵیدا بن.

مادەی 61 لەدستور تێیدا هاتووە:

یەكەم: رەزامەندی پیشاندان لەسەر راگەیاندنی شەڕ‌و حاڵەتی نائاسایی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمان دەبێت، ئەویش لەسەر دوایەكی هاوبەشی سەرۆك كۆمار‌و سەرۆك وەزیران.

دووەم: حاڵەتی نائاسایی بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگەیەنرێت‌و دەتوانرێت درێژ بكرێتەوە بۆ چەند جارێك، بەمەرجێك رەزامەندی لەسەر پێشان بدرێت.

سێیەم: لەحاڵەتی نائاساییدا سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی پێویستی ئەدرێتی كە بتوانێ كاروباری وڵات لەو كاتە نائاسییەدا بەڕێوەبەرێت. دەسەڵاتەكانیشی بە یاسا رێكدەخرێت بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستور.

چوارەم: سەرۆك وەزیران دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا پاش تەواو بوونی حاڵەتی نائاسایی هەموو ئەو هەنگاوو دەرەنجامانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرا بكات لەو ماوەیەدا ئەنجام دراون.

سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی ئەمرۆ داوای لە پەرلەمان كرد كۆببنەوەی حاڵەتی نائاسایی رابگەیەنن، لە یەكەم پەرچەكرداری پەرلەمانیشدا داوادەكەن مالیكی ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت كە رۆژی پێنجشەممە دەگیرێت.



PM:06:24:10/06/2014