پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە وەزیری سامانە سروشتییەکان بەخشی

کەمێک پێش ئێستا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ٨١ پەرلەمانتار متمانەی بە (كەمال ئەتروشی) بۆ وەزیری سامانە سرورشتیەكان بەخشی.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبونەوەی پەرلەمان بەدەنگی ٨١ پەرلەمانتار کەمال ئەتروشی وەک وەزیری سامانە سرورشتیەکان دیاریکرا، کە ٤٥ پەرلەمانتاری پارتی، ١٧ پەرلەمانتاری یەکێتی، ١١ پەرلەمانتاری پێکهاتەکان و حەوت پەرلەمانتاری گۆڕان بوون.

 

پرۆفایلی د. کەمال ئەتروشی:

 

له‌ ساڵی ١٩٥٥ له‌دایكبووه، لەساڵی ١٩٧١ بۆ ١٩٧٥ لە زانکۆی بەغدا بەکالۆریۆسی لە زانستی جیۆفیزیکس و زانستی بوومەلەرزەزانی بەدەستهێناوە.

لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٤ وەکو توێژەر لە پەیمانگەی پێترۆڵیۆمی فەرەنسی کاری کردووە.

ساڵی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩١ دکتۆرای لە بواری جیۆفیزیکس لە زانکۆی بۆردوی فەرەنسی بەدەستهێناوە.

لە ئابی ٢٠١٢ تاوەکو نیسانی ٢٠١٤ راوێژکار بووە لە کۆمپانیای KUFPECیی کوەیتی تایبەت بە نەوت.

لە نیسانی ٢٠١٤ تاوەکو ئایاری ٢٠١٥ راوێژکاری باڵای کۆمپانیای تۆتاڵی تایبەت بە نەوت و وزە بووە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧وە جێگری سەرۆکی کۆمپانیایەکی کوێتیی تایبەت بە گاز و نەوتە.

لە مانگی تەممووزی ٢٠١٩وە راوێژکاری وزەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە.

لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بێ وەزیرە و سەرۆکوەزیران خۆی سەرپەرشتیی ئەو وەزارەتەی دەکرد. 



PM:01:05:06/01/2021