ئەمەریكا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ھێرشەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی موسڵ مەحكوم دەكات‌و  پشتیوانی خۆیشی بۆ هەرێمی كوردستان‌و بەغدا دەربڕی.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە ئەو روداوانەی لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا لە موسڵ لە نێوان ھێزەکانی سوپای عیراق و چەکدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام روویانداوە و دەستبەسەراگرتنی چەند ناوچەیەک، نیگەرانی کردوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێ، بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو رووداوانەن و ھەموو پشتیوانییەکی خۆشی بۆ ھەرێمی كوردستان و بەغدا دەردەبڕێ و ھاوکاری مرۆیی ھەرێمی کوردستان بۆ رەوشی قەیرانەکە بەرز دەخەملێنێت.

لە بەیاننامەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەمەریکا لەگەڵ ھەرێم و بەغدا ھاوکار دەبێ و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عیراق لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو رووداوانەن و جەخت کراوەتەوە کە "دەبێ ئەو بابەتە بە ھەند وەربگیرێ و بەپێی ئەو ستراتیژەی ئەمریکا و عێراق لەسەری رێکدەکەون بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەوڵەکانیان."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندوە، "ئەوەی داعش دەیکا دووبارەکردنەوەی ئەو چالاکییانەیە کە لە سوریا دەیکا، تەنھا ھەڕەشەش نییە لەسەر بارودۆخی ئاسایشی عێراق، بەڵکو مەترسییە بۆسەر ئارامی ناوچەکە، داعش ئەوەی لە عێراق دەیکا تەنیا بۆ بەھێزکردنی خۆیەتی."

لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە لە نزیکەوە ھاوکاری خەڵکی عیراق دەبن، بە تایبەت لە نەینەوا و ئەنبار، رێگەش بە بەردەوامی ھەڕەشەکان نادەن و لە یارمەتیدانی لایەنە سیاسییەکان و ھێزە ئاسایش پارێزەکان بەردەوام دەبن و رێگە بە پیلانەکانی داعش نادەن و ھەوڵی دوورخستنەوەیان لە عێراق دەدەن.



PM:02:19:11/06/2014