ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە راگەیاندنێکی ٥ خاڵی دەردەکەن

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە راگەیاندنێکی پێنج خاڵیان بڵاوکردەوەو دەڵێن" ڕای دەگەیەنین ئێمە لە ژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگێکدا بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین و هەموو ڕێگەیەک دەگرێن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان وە لێرەوە بە بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت دەڵێن هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن" .

لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە

 
لای هەمووان ئاشکرایە مامۆستایان ماوەی شەش ساڵە لە خەباتێکی مەدەنی فراواندن دژی بێڕێزی و  ستەمکارییەکانی دەسەڵاتداران بەرامبەر  خوێندن و زانست و مافەسەرەتاییەکانی مامۆستایان و هاوڵاتیان .

 
لە ئێستاشدا کە بڕیارە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بە دەسپێکردنەوەی دەوامی پۆلی دوانزە دەست پێ بکات بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو :

١ ـ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێ ، ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە.

 

٢ ـ  ئەوەی خوێندنی پەک خستووە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە و نییە ، هۆکاری یەکەمی پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە و مامۆستایان 


٣ ـ ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێ پرۆسەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەو تەندروست دەستپێبکەنەوە ، پێویستە پێش هیچ ئەگەر و چارەسەرێک چارەسەری کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن .

٤ ـ لە ئێستادا کەنرخی نەوت بەرزبۆتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە هیچ بەهانەیەک نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی مووچە و دابەشنەکردنی لە ٣٠ ڕۆژدا  

٥ـ دەسەڵاتداران بە پیلان دەیانەوێ خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بێئەرزش بکەن و دەیانەوێ بەتەواوی پرۆسەی خوێندن پەک بخەن ، بۆیە زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ مافەکانی مامۆستایاندا دەکەن .

 
لەکۆتاییدا ڕای دەگەیەنین ئێمە لە ژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگێکدا بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین و هەموو ڕێگەیەک دەگرێن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان وە لێرەوە بە بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت دەڵێن هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن .

 
هاوکات پێمان وایە بایکۆت پرۆسەیەکی خۆرسکانەی مامۆستایان بووە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی هەموو هەڵوێست و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بووین و دەبین. 

 هیوادارین بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە بەهەستی بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی پەروەردە و ماف و داواکارییەکانی مامۆستایاندا بکەن  له پێناو پەکنەکەوتنی پرۆسەی خوێندن و گێرانەوەی شکۆ بۆ پەروەردە  


ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی 
١٥/١/٢٠٢١



PM:11:27:15/01/2021