حكومەتی هەرێم: شەڕی ئێمە لەگەڵ داعش رێككەوتن نیە لەسەر فرۆشتنی نەوت

حكومەتی‌ كاربەڕێكەری هەرێم رونكردنەوەیەك لەسەر هەواڵی‌ رێككەوتنی‌ مالیكی‌ لەگەڵ حكومەتی‌ هەرێم لەسەر فرۆشتنی‌ نەوت لەبەرامبەر شەڕكردنی‌ پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی‌ داعش بڵاودەكاتەوە.
سەفین دزەیی‌ وتەبێژی‌ فەرمیی‌ حكوومەتی‌ كاربەڕێكەری هەرێمی‌ كوردستان بە ماڵپەڕی‌ حكومەتی راگەیاندووە، ئەم هەواڵە تەواو دروستكراوە و لە هەموو ڕاستیەكەوە دوورە و هیچ بنەمایەكی‌ نیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان و هێزەكانی‌ پێشمەر‌گە پابەندن‌ بە پاراستنی‌ ئاسایش و سەقامگیریی‌ هەرێم و هاووڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی‌ دەرەوەی‌ ئیداری‌ هەرێمی‌ كوردستان، بە هەموو شێوەیەكیش بەرگرییان لێ دەكەن و لە هیچ شوێنێك ڕێگە نادەن بكرێنە ئامانج و بكەونە ژێر هەڕەشەوە.
پێشتر ئاژانسی‌ دەنگوباسی‌ (الیوم الپامن) بڵاویكردەوە، كە ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان و نووری‌ مالیكی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق، بە سەرپەرشتیی‌ ئەمەریكا ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی‌، عیراق ڕێگە بدات هەرێمی‌ كوردستان نەوتی‌ خۆی‌ بفرۆشێت، لە بەرامبەردا هێزەكانی‌ پێشمەر‌گە لە مووسڵ شەڕی‌ چەكدارانی‌ داعش بكەن. ‌



AM:10:43:12/06/2014