رۆژ نیوز: سیاسییەک لە زیندانی ئاسایشی هەولێر دوای ٢ مانگ گیان لەدەستدانی خانەوادەکەی لەمردنی ئاگادار دەکرێتەوە

ماڵپەڕی ( رۆژ نیوز ) نزیک تەڤگەری ئازادی کوردستان، ئاشکرای دەکات، " مەتین ئاگودیت ئەو هاوڵاتییەی خەڵکی مەخمورە، تەنیا چوار ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی، لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستداوە، بەڵام دوای دوو مانگ خانەوادەکەی ئاگادار کراونەتەوە، لە ڕاپۆرتی پزیشکی داد-دا، ڕۆژی ١٠ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، وەک ڕۆژی گیان لەدەستدانی دەستنیشان کراوە".


مەتین ئاگودیت خەڵکی وانی باکوری کوردستانە و ماوەیەکی درێژە لەناو کاروباری سیاسیدا بووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢ هاوسەرۆکی ڕێکخستنی پارتی هەرێمە دیموکاراتییەکان- دەبەپە، لە ناوچەی چلداران بووە، لە ساڵی ٢٠١٢ـدا دەستگیر دەکرێت و ماوەیەک زیندانی دەکرێت، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ـدا وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی چلداران لەسەر پشکی بەدەپە هەڵدەبژێردرێت، ساڵی ٢٠١٥ـەش بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک و دۆسییەیەک کە لەسەری کراوەتەوە بە ناچار لەگەڵ خانەوادەکەی ڕوو لە باشوری کوردستان دەکات و لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور نیشتەجێی دەبێت.


لە بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی، رۆژ نیوز دەڵێت " مەتین ئاگودیت بۆ دابینکردنی بژیوی خانەوادەکەی، مانگی ١١ی ٢٠٢٠ دەچێتە هەولێر و بە دوای کاردا دەگەڕێت، بەڵام ڕۆژی ٧ی هەر ئەو مانگە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێت، دوای دوو مانگ بەدواداچوون و گەڕان بەدوایدا، خانەوادەکەی لە ڕێی پارێزەرێکەوە سەردانی ئاسایشی هەولێر دەکەن، ئاسایش دەستپێک دەڵێت “لێرە نییە”، بەڵام دواتر پەیوەندییان بە پارێزەرەکەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون؛ “ئەو کەسەی بەدوایدا دەگەڕیت، جەڵتەی لێداوە و مردووە”، بۆیەش خانەوادەکەی بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی سەردانی دەزگا پەیوەندیدارەکان و هەروەها پزیشکی داد دەکەن". 


وەک هاتووە " لەو ڕاپۆرتەی پزیشکی دادی هەولێر داویەتی بە خانەوادەکەی مەتین، ئاشکرا بووە کە مەتین ئادوگیت هەر چوار ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی گیانی لەدەستداوە".


لە ڕاپۆرتەکەدا کە واژۆی د. هۆشیارمحەمەد (پزیشکی دادی هەولیر)ی لەسەرە، هاتووە کە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕۆژی ١٠ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠، پزیشکی دادی لە مردنی مەتین ئادوگیت (بە جەڵتەی دڵ) ئاگادار کردووەتەوە.


ئەوەش خراوەتەڕوو "هەرچەندە ڕاپۆرتەکە باسی گیان لەدەستدانی مەتین لەو بەروارە دەکات، بەڵام ئاسایشی هەولیر، ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە پارێزەرەکەی لەسەر گیان لەدەستدانی مەتین ئادوگیت ئاگادار کردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوە پارێزەرەکە خۆی سەردانی ئاسایشی کردووە و پرسیاری دۆخی بریگرتەکەی کردووە".
 


AM:10:03:19/01/2021