وەزیری پەروەردەی هەرێم لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەروەردەی پارێزگاکان کۆبونەتەوە و هەمویان لەگەڵ ئەوەدان کە وادەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن پێشبخرێت".

 

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەچەند رۆژی رابردودا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان کۆبونەتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن پڕۆژەی خۆیان بۆ کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا ئامادەبکەن کە رۆژی 2-2-2021 بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکەن تاوەکو رۆژی شەممە دیدگای خۆیان ئامادەبکەن".

 

جەختیشکردەوە، تا ئێستا ئامارەکان باشن، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت ئەو وادەیەی بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دامانناوە کە یەکی ئازارە پێشبخرێت، بەڵام وادەکە لەلایەن لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا دیاریدەکرێت.

 

لەبارەی پلانی ئەمساڵیشەوە وەزیری پەروەردەی هەرێم باسی لەوەکرد، پلانیان داناوە ئەمساڵ تەواوی پرۆگرامەکان بخوێندرێت، بەڵام لە دوو کاتی جیاوازدا، بەجۆرێک وەرزی یەکەم لە مانگی ئازار و وەرزی دووەمیش لە مانگی ئەیلولدا دەبێت.

 

ڕاشیگەیاند" کە جگە لە سێ رۆژی پشووی نەورۆز و سێ رۆژی جەژنی رەمەزان، سەرجەم پشووەکانی دیکە لادەبرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد" پلانیان داناوە لە 20ی 12ی 2021 دا ساڵی نوێی خوێندنی (2021-2022) دەستپێبکەنەوە و تا حوزەیرانی 2022 بەردەوام بێت".

 

ئالان حەمە سەعید سەبارەت بە داوای مامۆستایان وتی" پشتیوانی هەمو داوای رەوای مامۆستایان دەکەین و کاریشی بۆ دەکەین، دابینکردنی موچەی موچەخۆران و مامۆستایان ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەموان لە حکومەتی هەرێم لەسەر ئەوە کۆکین، هەمو هەولێکیش دەدەین موچە بەشێوازێکی باش دابەشبکرێت".



PM:02:06:28/01/2021