هونەرمەندێکی بەناوبانگی کورد کۆچی دوایی کرد

ھونەرمەندی میللی ناسراوی رۆژھەڵاتی كوردستان، رەسوڵ نادری دوای ماوەیەك ململانێ لەگەڵ نەخۆشی ئەمڕۆ لە شاری مەھاباد كۆچی دواییكرد.

ماڵپەڕی هاژەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایکردووە نادر نادر زادە ئەقدەم، ناسراو بە (رەسوڵ نادری) ساڵی 1933 لە ئاوایی ئوزونتاش سەر بە شاری مەهاباد، لە دایکبووە. لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەست دەکات بە گۆرانی گوتن، باوکیشی ئەوكات حەیران و بەیتی گوتووە، لە تەمەنی گەنجێتیدا رەسوڵ نادری بەھۆی گۆرانی و حەیرانەكانی لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان دەناسرێت و گەلێكجاریش بۆ ئاھەنگێڕان دەچووە ناوچەكانی دیكەی كوردستان

رەسوڵ نادری، جگە لە حەیران و بەیت و گۆرانی بە نوكتە و قسەی خۆشیش ناسراوە، لە دانیشتن و كۆڕ و كۆبوونەوەكان نوكتەی دەگێڕایەوەو خەڵكی دەخستە پێكەنین، ھەندێك لە نوكتە و قسە خۆشەكانیشی لەنێو كۆمەڵگە بڵاودەبوونەوە.

ھەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا ھەواڵی كۆچی دوای رەسوڵ نادری لە ھەندێك میدیا بڵاوكرایەوە، بەڵام دواجار ئەمڕۆ 17/9/2018، لە شاری مەھاباد كۆچی دواییكرد.

هونەرمەندێکی بەناوبانگی کورد کۆچی دوایی کرد




PM:03:53:17/09/2018