یانه‌ی زاخۆ سزادرا و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بن
کۆبوونەوەی ئه‌مڕۆی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ئه‌نجامدرا و یانه‌ی زاخۆ سزادرا و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له رووداوه‌كانی یارییه‌كه‌ی زاخۆ و كه‌ركووك به‌رده‌وام ده‌بێت.
دوای نزیکەی چوار کاتژمێر کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوی شەڕ و ئاژاوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و کەرکووک، كه هه‌فته‌ی رابردوو له یاریگه‌ی زاخۆدا كرا، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیارێکی یەکلایکەرەوەی سه‌باره‌ت به رووداوه‌كان نه‌دا، به‌ڵام چه‌ند سزایه‌كی سه‌پانده سه‌ر یانه‌ی زاخۆ و هه‌روه‌ها بڕیاردرا لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن، بۆ ئه‌وه‌ی راستی و دروستیی رووداوه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌م و هۆكارن، ده‌ركه‌ون و دواتر به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه بڕیار بدرێت و ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌من سزابدرێن.
هاوكات ژماره‌یه‌كی زۆری میدیاكان ئه‌م ئێواره‌یه له باره‌گه‌ی یه‌كێتیی تۆپی پێ له چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی كۆبوونهوهكهدابوون و دواتر دوای کۆبوونەوەکە سەلام حوسێن، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "هەرچەنده نەگهیشتینە بڕیاری کۆتایی لەسەر رووداوەکان، بەڵام بڕیاردا بە سزادانی یانەی زاخۆ بە ئەنجامدانی سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران، هەروەها ئەنجامدانی دوو یاری لە نێو یاریگەی خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران.
سه‌لام حوسێن ئەوەشی راگەیاند، لە بڕیارەکانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستاندا هاتووە یانەی زاخۆ لەبەرامبەر شکاندنی پاسی یانەی کەرکووک 3 ملیۆن دینار پێی دەبژێردرێت و داواشی لە لایەنە ئەمنییەکان کرد بۆ دۆزینەوەی لایەنی کەمتەرخەم و ئەو کەسانەی بەشداربوون لە رووداوەکەدا و ئاشكراشی كرد لەسەر لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوام ده‌بن.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی لێكۆڵێنه‌وه هه‌روه‌ها داوای له لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی زاخۆ كرد كه لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كاری ئاژاوه‌گێڕییان كرد له یارییه‌كه‌دا.
هه‌ینیی رابردوو له یاریی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی زاخۆ و كه‌ركووك له خولی نایابی پێشمه‌رگه‌دا كێشه و گرفت روویدا و دواتر هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سه‌ر هانده‌رانی زاخۆ هه‌ژمار ده‌كرێن، هوتافی نه‌شیاویان دژی به یانه‌ی كه‌ركووك به‌كارهێنا و ئه‌مه‌ش وایكرد كێشه و گرفته‌كه گه‌وره‌تر بێت.
spee-kfa
PM:10:17:22/02/2017