لەکۆتایدا قسەکانی سەڵاح بۆ کلۆپ ئاشکرا بوو

 ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئەو قسانەی ئاشکرا کرد کە محەمەد سەڵاح یاریزانی  میسری  بە یۆرگن کلۆپی ڕاهێنەری ئەڵمانی لە میانی "ناکۆکییەکی گەرم"ی نێوانیاندا، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو وتویەتی.

 هیواکانی لیڤەرپوول بۆ ڕکابەریکردن لەسەر نازناوی خولی ئینگلیزی گورزێکی سەختی بەرکەوت،،ئەمەش پاش یەکسانبوونی  بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەگەڵ وێستهام.

 کلۆپ و سەڵاح  بە تووڕەییەوە  بینران کاتێک قسەیان دەکرد پێش ئەوەی سەڵاح وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری یاریەکە بکات، چونکە داروین نونێز دەستوەردانی کرد بۆ جیاکردنەوەیان.

 بەپێی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، خاڵی پێکدادانەکە دوای ناکۆکی لەسەر شێوازی تەوقەکردنی سەڵاح دەستیپێکردووە لەگەڵ کلۆپ پێش ئەوەی بچێتە ناو یاریگاکە .

 ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە زاری جۆن کاسیدی خوێنەری لێوەوە  نووسیویەتی: "سەڵاح وتی: ‘هیچ شتێک نییە کە بتوانم لەو بارەیەوە بیکەم، هیچ’”.


 کاسیدی ڕوونیکردەوە، سەڵاح بەو خێراییە ئامادە نەبووە کە کلۆپ ویستویەتی.

 لە درێژەی قسەکانیدا، کلۆپ بە وەڵامێکی دیارینەکراو سەڵاحی توڕە کردووە.

 لەم کاتەدا سەڵاح توڕەیی لەدەستدا و وتی: کارتی سوورم بۆ دێت، دوای حەوت ساڵ، دوای حەوت ساڵ خزمەتکردن، دوای حەوت ساڵ.

 دواتر داروین نونێز ناچار بوو سەڵاح لە کلۆپ دوور بخاتەوە.

 دوای ڕووداوەکە، سەڵاح لە کاتی چوونە ناو یاریگاکەدا کلۆپی پشتگوێ خست، دواتر یاریزانەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەگەر قسە بکەن ئاگر ڕوودەدات”.

 ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەم ڕووداوە گومانی زۆری لە داهاتووی سەڵاح لە لیڤەرپوول دروستکرد، چونکە گرێبەستەکەی لە مانگی حوزەیرانی 2025 کۆتایی دێت، ئەمەش ڕەنگە هاندەرێک بێت بۆ یانەی سوورەکان بۆ ئەوەی سود لەو هێرشبەرە وەربگرن لە ڕێگەی فرۆشتنی ئەو هێرشبەرە لە هاویندا.

 بەڵام ڕۆژنامەی زە ئەتلەتیک بڵاویکردەوە، لیڤەرپوڵ دڵنیایە لەوەی سەڵاح کە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا تەمەنی دەبێتە 32 ساڵ، دەمێنێتەوە.

 بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی زە ئەتلەتیک، سەڵاح "هیچ ئاماژەیەکی نەداوە کە دەیەوێت لیڤەرپوول بەجێبهێڵێت.

 محەممەد سەڵاح گۆڵکاری ئەم وەرزەی لیڤەرپوولە بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ لە 41 یاریدا، لەنێویاندا 17 گۆڵ لە خولی ئینگلیزی بووە.




PM:07:09:29/04/2024