دانانی دەستور

هەندرێن شێخ راغب

دانانی دەستور بۆ هەرێمی كوردستان، روداوێكی گرنگی حوكمڕانی‌و سیستەماتیزەكردنی خۆ رێبەریكردنی گەلی كوردە، رەنگڕێژی شێوەی بیركردنەوەی گەلێكە سەبارەت بە دەوڵەتداری‌و چۆنیەتی ژیانكردنی.

ئەوەی گرنگە ئەم دەستورە دەست نەخاتە قوڕگی ئازادیەكان‌و نەبێتە هۆیەكی كاریگەری یەكلاكەرەوە بۆ بنەبڕكردنی هەموو ئەم گەشەكردنە رێژەییانەی لەنێو كۆمەڵگەی ئێمەدا چرۆیان كردووە. بەڵكو بناغەی تەلارە مەدەنیەكەی كۆمەڵگای كوردستان بێت.

بۆچوونم وایە سەركەوتنی داهاتووی ئێمە لەوەدایە دەستوری هەرێمی كوردستان دەوڵەت‌و حكومەت بەبێلایەنی بهێڵێتەوە‌و رێگانەدات هیچ ئایدیا‌و بۆچون‌و دین‌و مەزهەبێك بەسەریدا زاڵا بێت. حكومەت‌و دەوڵەتێك! عەلمانیەت بیپارێزێت. چونكە ئەگەر فەزای دەوڵەتداری كەوتە دەست بیرو بۆچوونێك‌و مەزهەب‌و ئاینێكی دیاریكراو، بەپلەی یەكەم زەرەرمەندی یەكەم هەر خۆی دەبێت.

ئەگەر سەیری دەوڵەتە عەلمانیەكان بكەین، دەبینین فەزای گشتی بێ لایەنە‌و جێگای هەموو ئاین‌و مەزهەب‌و بیروبۆچونێكی جیاوازی تێدا بۆتەوە. ئەمەش وا دەكات ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و رێژەیی بوونی حەقیقەت‌و یەكتر قبوڵكردن ببێتە نەریت‌و لەكەسایەتی تاكەكانی كۆمەڵگادا جێگای خۆی بگرێت.

هەرێمی كوردستان فرە ئاین‌و ئاینزا‌و تەنانەت نەتەوەی جیاوازی تێدایە، بۆیە پێویستە ئەم واقعەی كوردستان بەوردی لەبەرچاوبگیردرێت، دەستورێكی فۆرم عەلمانی، وا دەكات فەزایەكی كراوەی ئیشكردنمان لەبەردەست بێت، لەوە نەترسین كە چۆن بیردەكەینەوە‌و پڕۆژە‌و دنیابینیمان چۆنە‌و چیە. گرنگترین سەركەوتنی هەر دەستورێكیش پەیوەستە بە رێزگرتنی بڕی ئازادیەكانی خەڵك‌و مافەكانی هاوڵاتیان. دەستورێكی دیموكراسی‌و عەلمانی‌و كراوە، رادەی گەشەكردنی سیاسی‌و ئاشتی نێوان ئاین‌و ئاینزاكان‌و گروپە جیاوازە كۆمەڵایەتیەكان بەرز دەكاتەوە‌و زەمینەی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو دەڕەخسێنێت.

بەمجۆرە دەوڵەت هی هەموان دەبێت‌و كەس ناتوانێت لەسەر شێوەی كولتوری بیركردنەوەی خۆی تاپۆی بكات‌و ئەوانی دی بخاتە دەرەوەی دەوڵەت‌و ناحەز بەدەوڵەت. واتا ئەگەر دەوڵەت هی هەموان نەبێت‌و تەنها یەك بیروئاینزا‌و ئاین. دەوڵەت بەرێوە بەرێت، جۆرێك لەتاكڕەوی دروست دەكات كە دواجار فەزای یاخی بوونی كۆمەڵایەتی‌و فكری‌و سیاسیش دروست دەكات. بەمجۆرە هەمیشە مەترسی تەقینەوەی سیاسی‌و ئایدیا‌و گروپە كۆمەڵایەتیەكان لەئارا دایە. بەڵام ئەگەر دەوڵەت بێ لایەن بێت، عەلمانی‌و دیموكراسی بێت، ئەم مەترسیانەی سەرەوە لەكۆمەڵگا دوور دەكەونەوە. لەدەوڵەتی عەلمانیدا هیچ بیروبۆچونێك‌و ئیمانێكی تاك پەراوێزناخرێت، رێگای گوزارشت لەخۆكردن بۆ هەموان كراوە دەبێت. تەنانەت عەلمانیەت رێگای بێ لایەن بوونیشت بۆ دروست دەكات‌و ئازادی لەوەی خۆت بەتەنیا خاوەنی قەناعەتی تایبەتی خۆت بیت.


29/03/2016



وتارەکانی تری نوسەر