پۆستاڵەكانی بەشار ئەسەد...وانەیەك لەحەلەبەوە

هەندرێن شێخ راغب


جەنگ‌و وێرانكاری‌و روداوەكانی شاری حەلەبی سوریا، مانای سیاسی‌و سەربازی‌و شۆڕش‌و هاوپەیمانی جۆراوجۆری هەیە، كە گرنگی خۆی هەیە كورد توێژینەوەی خۆی لەسەری هەبێت، بۆ نمونە لەگەڵا دەستپێكردنی شۆڕش دژی بەشار ئەسەد هێرشی توند دەكرایە سەر پەیەدە‌و یەپەگە بەوەی كە دژی بەشار ئەسەد شەڕ ناكەن‌و تەنانەت دەیانگوت ساڵح موسلیم‌و سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان پیاوی ئەمنی سوریان؟ ئێمەش كاتێك بەرگریمان دەكرد‌و باسی ئەوەمان دەكرد كە پەكەكە‌و پەیەدە‌و یەپەگە ساڵانێكی دوورو درێژە ناوەندی خەباتیان دەوڵەتی سوریایە‌و زۆر لەئێمە باشتر بارودۆخی رژێمی سوریا‌و دەوڵەتەكە دەزانن، دەیانگوت ئێوە عاتیفی سیاسەت دەكەن‌و بوونەتە پەیەدە‌و یەپەگە..ئاخر دەركەوت پەیەدە‌و كوردانی رۆژئاوا نەیانهێشت شارەكانی كوردستان هەر بۆ نمونە قامیشلۆ وەكو حەلەبی لێ بێت؟؟ كوردانی رۆژئاوا شارەكانیان لەوە پاراست كە ببنە حەلەب..شارەكانی رۆژئاوای كوردستانیان نەكردە بەهەشت، بەڵام نەشیانهێشت ببنە دۆزەخ، بان كی مون سەرۆكی نەتەوەیەكگرتوەكان گوتی: جیاوازی نێوان دۆزەخ‌و شاری حەلەب نیە‌و یەك شتن. بۆیە دەركەوت كوردانی رۆژئاوا زیرەك بوون لەخوێندنەوەی باڵانسی هێزی ناو سوریا، جەنگیان بۆ سعودیە‌و توركیا‌و قەتەر نەكرد. كە دوایش وەكو حەلەب بەتەنیا بمێننەوە.
بەڵام ناشبێت ئەوە لەبیر بكەین ئەوانەی بڕواشیان بە رژێمەكەی سوریا‌و بەشار ئەسەد نیە، راست دەكەن، واتە لەوە راست دەكەن كە رەخنە لە پەیەدە‌و یەپەگە دەگرن لەسەر ئەوەی متمانەیان بە رژێمەكەی بەشار ئەسەد هەبێت، بۆ نمونە بەشار ئەسەد لە كونە تەیارەكانی ناو دیمەشق كە هێشتا هیچی ئەوتۆی دەست نەكەوتۆتەوە، كەچی رایدەگەنێت كە فیدڕاڵی‌و كانتۆن‌و شتی وا لەگۆڕێ نیە؟ واتە لەبەشی یەكەمی سیاسەتەكە كە دژی بەشار ئەسەد كورد جەنگی نەكرد، راست بوو، بەڵام لەبەشی دووەم كە دوای حەلەب دەستپێدەكات، دەبێت كورد وریای پۆستاڵەكانی بەشار ئەسەد بێت؟.
ئێستا كاتی ئەوەیە كورد وەرەقەكانی خۆی رێكبخاتەوە، ئایا دوای حەلەب سیاسەتی فەرمی سوریا چ گۆڕانێك لەخۆ دەگرێت، ئەگەر سیاسەتی دەوڵەت مافەكانی كوردی لەچوارچێوەی كیانی ئێستا هەیە سەلماند، سەركەوتنێكی گەورەیە.. ئەگەر ئەوەی نەكرد‌و دەنگی پۆستاڵەكانی هات، دەبێت شارەكانی رۆژئاوای كوردستان وانەی گرنگ لەحەلەب وەربگرن‌و كورد گوتەنی: پێش باران پەتۆكەی خۆت ئامادە بكە.
سەركەوتنی بەشار ئەسەد لەسوریا‌و كۆتایی پێهێنانی جەنگەكە، گوڕوتین دەبەخشێت بەشیعەكانی بەغداش، چونكە بەغدا‌و تاران‌و دیمەشق لەبازنەی شیعەن؟ بۆیە لێرەش گیزەگیزی زۆری گۆڕانكاری سیاسی بەرگوێ دەكەون، پۆستاڵەكانی بەشار ئەسەد بۆ توركیاش دەڕۆن، وەزیری دەرەوەی سوریا گوتی: دەبێت توركیا بزانێت ئێمە یەك بست چیە دەستبەرداری سەروەری خاكی سوریا نابین‌و سوپای توركیا داگیركەرە. ئێستا توركیا لەگۆشەیەكی تەسكی ئیقلیمی دەگوزەرێت، بەم جۆرە بڕوات روسیا ئەمریكای لێ دەكات‌و خۆشی تەنها بەكاریدەهێنێت، دوای دووركەوتنەوەی عاقڵەكانی دەوری ئەردۆغان وەكو ئەحمد داود ئۆغڵۆ، ئێستا سوڵتان خوازە سیاسیەكان دەوری سوڵتانەكەی توركیایان داوە، كە تەنها چاوەڕێی دەمی ئەردۆغان دەكەن، بۆ نمونە توركیا دوای حەلەب لەسوریا چی دەكات؟ حەلەب وانەیەكی جەنگی تازەیە بەرامبەر تیرۆر، بەتایبەت داعش‌و نوسڕە‌و بەرەی شام‌و ئۆپۆزسیۆنی چەكدار كە ئەمانە بەكلكیانەوە بەدەوڵەتانی ئیقلیمی بەستراون. بۆیە حەلەب‌و سەركەوتنی بەشار ئەسەد پروشەی جۆراوجۆری سیاسی تازەی دەبێت.



18/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر