رۆژانی سەختی داهاتوو بۆ كورد؟

هەندرێن شێخ راغب


ئەمریكا رایگەیاند چی دیكە سیاسەتی فەرمی ئێمە روخاندنی بەشار ئەسەد نیە، شۆن سپایسەر وتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: تێڕوانینی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسی سوریا، لە تێڕوانینی ئیدارەی ئۆباما جیاوازە، واشنتۆن پێی وایە گەلی سوریا دەتوانێت بڕیار لەچارەنوسی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا بدات.

بەم سیاسەتە بێت مانای وایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژایەتی بەشار ئەسەد ناكات، چونكە روسیا‌و ئەمریكا‌و چین دەنگی یەكلاكەرەوە دەبن بەرامبەر فەرەنسا‌و بەریتانیا. بۆیە ئۆپۆزسیۆنی سوریاش پێگەی لەق دەبێت، چونكە مانەوەی بەشار ئەسەد مانای لاوازی ئۆپۆزسیۆنەكەی؟. بەمجۆرە كورد لەسوریا دەبێت خۆی بۆ سوریایەك ئامادە بكات كە بەشار ئەسەد‌و حزبی بەعس دەمێننەوە..نەخشە رێگای كورد دەبێت ئەم گۆڕانكاریە نێودەوڵەتیە لەسیاسەتی ئەمریكا بەوردی بخوێنێتەوە. هاوكات ئەمەش راستیەك دەردەخات كە ئەمریكا‌و روسیا یەك سیاسەت پەیڕەو دەكەن‌و ناكۆك نین، چونكە روسیا پشتگیری بەشار ئەسەدە، ئەمریكاش دەڵێت چی دیكە ئامانجی ئێمە روخاندنی بەشار ئەسەد نیە، كەواتە لەسەر هەندێ لایەنی دیكە وردە ناكۆكیان دەبێت، كە ئەمەش ئاساییە. بۆیە دەبێت گەلی كورد خۆی بۆ نەخشە رێگای سیاسی تازە لە رۆژئاوای كوردستان ئامادە بكات، بەگوێرەی زانیاریەكانی شەڕی رەققە‌و ئەم هاتوچۆ گەرمەی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان، كە دواهەمین لێدوانیش ئاماژەیان بەوە كرد هێزەكانی سوریای دیموكرات زیاتر پڕ چەك دەكەن كە زۆرینەی كوردە. تا ئێستا هاوكێشەكە لەسوریا بەم جۆرەیە كە هەموان دژی تیرۆریستان دەجەنگن، بەلام ئەگەر رەققە ئازاد كرا‌و تیرۆریستان تێكشكان، ئەوكاتە هاوكێشەی تازە چیە؟ ئەمەیە داهاتوی یەكلاكەرەوە لەپرۆسەكە كە دەبێت كورد لە ئێستاوە خۆی بۆ ئامادە بكات، بەپێی وردبونەوەش لەسیاسەتی رۆژئاوای كوردستان ئەم ئامادەكاریە دەبینم، هەرچەندە ئاستەنگ هەن.

لەعێراق كورد لەدۆخێكی زۆر سەختدایە، قەیرانی دارایی‌و سیاسی هەرێمی كوردستانی شەكەت‌و تەپیو كردووە، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكان زۆر خراپە، كۆبونەوەكان رۆتینین‌و بڕیاری سیاسی یەكلاكەرەوە نیە، لەوەش مەترسیدارتر متمانەی نێوان هاوڵاتیان‌و لایەنەكان توشی كەلێنی گەورە بووە، كورد لەعێراق دەیەوێت بەكۆمەڵێك قەیرانی ناوخۆیی سەختەوە بەرەو پرۆسەیەكی زۆر گرنگی وەكو ریفراندۆم بچێت، ئەمەش ناڵێم مەحاڵە بەڵام بەم دژواریەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان زۆر جێگای ئومێد نیە، بۆ نمونە لەرووی قەیرانی داراییەوە كوردستان تەواو داتەپیوە، ئابوری ئەم وڵاتە بەدەست سامانە سروشتیەكانەوەیە، كەس نیە لەم وەزارەتە بپرسێت زەحمەت نەبێت بەتەمای چیت؟ ئەم میللەت‌و حكومەتە بەرەو كوێ دەبەی؟ كوا داهاتی راستەقینەت؟ كوا پلانی سەركەوتووت؟ كوا بەرنامەی كار‌و فرۆش‌و قازانج‌و داهاتت؟ بۆچی ناتوانی تەنانەت موچەی خەڵكیش چاك بكەیت؟ كاكە سیاسەتی ئابوری‌و بەرێوەبردنی دارایی وڵات چۆن ئاوا دەكرێت..پێویستە زۆر بەوردی بیرێك لەم بابەتە بكرێتەوە.

لەتوركیا دۆخی كورد نەك هەر باش نیە، بەڵكو سەركردە هەرە یەكەمەكانی كورد لەكونجی زیندانن‌و كەسیش نیە لێیان بپرسێتەوە، كەس ئاگای لە ئۆجەلان نیە، دەمیرتاش‌و یوكسەكداغ هەر دووكیان لەناو ژوری تاریكی زیندانن، كەچی كەس نقەی لێوەنایەت بەتایبەت لە ئاستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی. رۆژ نیە بەرپرسێكی كورد دەستگیر نەكرێت، زیندانەكانی توركیا پڕبون لە گیراوانی كورد. لەم لاشەوە گرفتی ناوخۆیی كورد لەشەنگالەوە گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار كە ئەمە مانای لاوازی سیاسەتی كورد دەگەیەنێت لەم دۆخە هەستیارە ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتیەدا.

لەئێران كێشەی كورد خامۆشە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەهەموو كات زیاتر بێ منەتترن بەرامبەر بە داواكانی گەلی كورد.

كورد خاوەنی هەندێ پشتیوانی نێودەوڵەتیە، بەهۆی شەڕی داعشەوە، ئەگەر شەڕی داعش نەمێنێت زۆر شت دەگۆڕێت، كە دەبێت كورد لەهەرچوارپارچەی كوردستان بە وردی خۆی بۆ ئامادە بكات.

من بە رەشبینیەوە قسە ناكەم، بەڵام بەشێوەی دروشمبازی‌و گیانی حەماسیش خوێندنەوەی دروستی سیاسیش ناكرێت، راستە لەهەندێك پرس بەرە‌و پێشچوونێك هەیە، بەڵام ئەم جۆرە بەرە‌و پێشچوونانە لە روداوی سیاسی دەبێت بگۆڕین بۆ ستراتیژی سیاسی. ئەگەر ئەوە نەكەین بەرێزان ئاسان دەكەوینە ژێر كاریگەری روداوە سیاسیەكان..داهاتووش ئەوانە دەبنە خاوەنی دەستكەوت كە روداوە سیاسیەكان، دەگۆڕن بۆ ستراتیژی بەرژەوەندی سیاسی خۆیان.


03/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر