شۆڕشی فرمێسك

عەزیز رەئوف
ئایا ئەوانی تر فرمێسكەكانمان دەبینن؟ ئایا ئولفەتی ئەوە ماوە لەسەر فرمێسكەكان بوەستین؟ ئایا ئەوەی هاوار و ڕێپیوان و مانگرتن و بایكۆت و دروشمەكانت نەبینێت دەتوانێت فرمێسكەكانت ببینێت؟
دوا چەك بەدەست خەڵكەوە بەرامبەر ئەم جۆرە لە حوكمڕانی فرمێسكە، ئەم جۆرە لە حوكمڕانی لەمێژە گوێچكەی داخستووە بۆ گوێگرتن لە دروشمەكان، ئێستا دەمانەوێت چاوی تاقی بكەینەوە بزانین فرمێسكەكانمان دەبینێت یان نا؟ ئایا ئەوەی گوێچكەی دابخات دەتوانێت چاوی كراوە بێت بۆ بینینی فرمێسكەكان؟ ئایا لە هیچ وڵاتی دنیادا بە فرمێسكڕشتن دەسەڵاتێك كورسییەكەی چۆڵ كردووە؟ لە هیچ سەردەمێكدا ستەمكارەكان بە بەزەییەوە دەسەڵاتیان جێهێشتووە؟ 
كە مامۆستا گریا ئایندەیەكی خەمبار دروست دەبێت، كە مامۆستا فرمێسكی ڕشت ئەستەمە نەوەیەكی دڵخۆش پەروەردە بێت، ئەم كۆمەڵگەیە دوای گریانی مامۆستاكان بەرەو خەمبارترین و دڵتەنگترین خاكی سەر زەمین هەنگاو دەنێت، كە نە ئومێدی تیا دەمێنێت نە خەندە، نە دڵخۆشی تیا دەمێنێت نە بزە.
ئەم گریانە تەنها گریان نیە بۆ جۆرێك لە حوكمڕانی ئەوەندەی گریانە بۆ بێكەسی شەقامێك كە كەس ساحێبی نیە. گریانە بۆ نەبوونی دەستێك كە هیچ نەكات دەستەسڕێك بداتە دەست مامۆستاكان. لە ئێستادا كەس نەبوو ئەو دەستەسڕە هەڵگبرێت، یان لەگەڵ مامۆستادا هەڵپەڕێت یان فرمێسكەكانی بسڕێت.
لە ئێستادا ئێمە هێزێكمان دەوێت هیچ نەكات، بەس فرمێسك بسڕێت، تا توێژەكان لە گریان ژیر نەكەینەوە یەك هەنگاویترمان بۆ نانرێت، لە ئێستادا كەس لەگەڵ ئەم فرمێسكانەدا نەڕۆیشت، كەس خۆی نەكرد بە هاوبەش لەگەڵ قوڵپی گریانەكاندا، كەس دەستەسڕەكەی هەڵنەگرت نە بۆ هەڵپەڕكێ و نە بۆ سڕینی فرمێسكەكان. 
ئەم دۆخە گریانی ناوێت عەزیزان، پێكەنینی دەوێ، پێكەنین بەوەی كە چی تر ماوە بەسەرئەم كۆمەڵگەیەی دا بهێنن و هەمیشە لە ڕویداوێك بۆ ڕووداوێكی تر توشی شۆك دەبین. ئەم تاقیكردنەوەیە كەی كۆتایی دێت؟ ئەم شكۆشكاندنە لە كوێدا دەوەستێت؟ تۆ ئەركی خۆت جێبەجێ كرد و گریانی ناوێت، ئەوە ئەوانی ترن ڕازین بەم دۆخە، ئێستاش زۆرینەی خەڵك ڕازین بەم دۆخە، قفڵ لە دەرگای قوتابخانەكان دەدرێت و دایك و باوكان ڕازین بە دواكەونی منداڵەكانیان. مامۆستاكان فرمێسك دەڕێژن و كەس نەهات بڵێ نەوەكەی من با خەمبار نەبێت، بزە بگەڕێننەوە سەر لێوی مامۆستا، با ئایندەیەكی خەمبار نەخوڵقێینین.
كە مامۆستا گریا ئیتر ئایندەیەكی گەش لەبەردەم مەترسیدایە، كە مامۆستا گریا، ئومێد بە هیچ هێزێكی سیاسی نامێنێت، بەرگری لە نەوەكانمان بكەن. كە مامۆستا گریا، كۆمەڵگەی كوردی خەلەلێكی گەورەی هەیە.   


17/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر