ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو

عەزیز رەئوف
هەمیشە سەرسام بووم بە شتە بچوكەكان، ئەوەی بۆ من گرنگە بینینی شتە وردەكانە لە سەردەمێكی دیاریكراودا هیندەی ڕووداوە گەورەكان. بۆ من گرنگە بزانم لە سەردەمی خەباتی چەكداریدا ڕووداوە بچوكەكان چۆن ڕوویانداوە، بۆ من گرنگە لەو عەسرەدا دۆخی خەڵك چۆن بووە؟ كچان چۆن عاشق بوون؟ بۆنی دیواری خانووە قوڕەكان و دەنگی كەڵەشێر و بەرامەی خۆڵی دوای باران. بۆ من گرنگە بزانم پێشمەرگە لەدەرەوەی چالاكی چی كردووە؟ چۆن دابەش بوون بەسەر ماڵەكاندا و هەستی خاوەنماڵ بۆ پێشمەرگە چۆن بووە؟ بۆ منی فزولی ئەوە گرنگ بووە چۆن بەرپرسەكان بۆڵەیان كردوە و چ فسكەفسك پیلانی ژێربەژێر و كوتلەیەكیان دروست كردووە كە خاڵی بووە لە فكر و زیاتر دەنگەدەنگی پۆست و كورسی بووە ئەوەندەی مەبدەئو بیر و باوەڕ بێت. ئەوەی بۆ من لە كتێبی " ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو" گرنگە ئەوە بوو تێ بگەم لەو عەسرەدا بۆ بزوتنەوەی حەقە دەتوانێت بە یەكسانی لە ئازادی ژن بڕوانێ بەڵام پارتێكی چەپی وەك كۆمەڵەی ڕەنجدەران توانای ئەوەی نەبێت ژن لە ڕیزەكانی دروست بكا؟
هەڤاڵ كوێستانی، ئەو ناوەی بۆ ئێمەی هەرزەكار لە سەرەتای نەوەتەكاندا ناوێكی دیارە. خوێندكاری ناوەندیم لە ئۆردوگای تەكیەی كاكەمەند و هاوڕێیەكم كتێبێكی ڕەش و سپی چاپێكی ناشرینم بۆ دێنێ " ئافرەت و ژانی لەدایكبوونێكی نوێ" نوسینی هەڤاڵ كوێستانی ، بە چاپی كۆن نوسراوە و نوسینەكە لەناوەوە ئەوەندە كاڵە زۆرێك لە وشەكانی بە قەڵەمی جافی شین تۆخ كراونەتەوە تا بتوانرێت بخوێندرێتەوە. زانیم لەبەردەم كتێكی تەواو گرنگدام، زانیم لەو عەسرەدا لەشاخ كەسانێك هەبوون خەونی گەورەیان هەبووە و شۆڕشیان تەنها لە یاخیبوونی چەكداریدا كورت نەكردۆتەوە. تەلەفزیۆنە تاقانەكەی گەلی كوردستانیش جارجار سرودێكی ئازاد خانەقینی دوای یادی شەهیدێك یان یادكردنەوەی شەهید ئارام یان هەر پاڵەوانێكی تر بڵاودەكاتەوە و نوسراوە: هۆنراوەی هەڤاڵ كوێستانی.
ئەم ناوە ئیتر ون دەبێت و هیچ یادەوەرییەكم نیە لەگەڵ ناوی ئەم نوسەرەدا تا ساڵی 2008 ناوی هەڤاڵ كوێستانی لەگەڵ چەند كەسێكی تردا دێت كە شۆڕش لە ڕیزەكانی خۆی دەریاندەكات و ئەو پارتەی كە گەنجێتی تیا سەرف كردووە بە بڕیارێك لە ڕیزەكانی دووری دەخاتەوە. منیش ئەوكاتەی پێم وابوو دەبێت هێزێك بێت دنیای ئێمە بگۆڕێت، لە ڕۆژنامەی ڕۆژنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بابەتێك لەسەر هەڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی دەنوسیم بەناوی " شۆڕش كوڕەكانی دەردەكات" و هەر ئەو كات ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بە كاك عەدنان عوسمانی سەرنوسەری ڕۆژنامەكە دەڵێ ئەو كوڕە كێیە ئەم نوسینەی نوسیوە؟ كاك عەدنانیش دەڵێ ئەوە عەزیز ڕەئووفە و برای محەمەد ڕەئووفی خۆمانە، كاك نەوشیروان دەڵێ پەیوەندی پێوە بكە با بیبینم. كاك عەدنان تەلەفۆن دەكات و بەیەكەوە بە گردەكەدا هەڵدەزنێین بۆ بینینی كاك نەوشیروان. پێش ئەوەی بگەینە لای كاك نەوشیروان هەر لەسەیارەكەی كاك عەدناندا خەیاڵم دەڕوا ( ساڵی 1987 ە، ئەوكاتەی منداڵ بووم لە لادێ و تراكتۆرێكی پڕ لە چەكی ئێرانی كە چەند پاسدارێكی سەرتاشراوی تێدایە بەناو گوندەكەمان "بێدەر" لە نزیك چیای خاڵخاڵان تێدەپەڕێت و لای ئێمەی منداڵ ئەم وێنەیە تەواو غەریب بوو، لەپڕ گوێم لە دەنگێك بوو وتی: ئەوە كاك نەوشیروان لە پشتەوە بە پێ دەڕوات، بە گردەكەی پشت ماڵی خۆماندا هەڵدەزنێین تا كاك نەوشیروان ببینین و كە چوینە سەر گردەگە پیاوێكی بەژن باریك لە ناوەڕاستی دوو سێ پێشمەرگە بە خێرایی بە پێ دەڕوات و تەنها لە پشتەوە دەیبینین). ئێستا لەگەڵ كاك عەدناندا بە گردەكەدا هەڵدەزنێین و ئەم جارە ڕووبەڕوو پیاوێك دەبینین كە پشتی لە هەموو سەروەری و خەبات و ماندووبوونی ڕابردووی خۆی كردووە و لەسەرەتاوە دەستی پێ كردووە و نوسینێكی من دەخوێنێتەوە كە كەم تا زۆر كۆمەك بە بزوتنەوەكەی بكات. كاك نەوشیروان بە قاتێكی كوردی خاكیەوە توند دەستەكانم دەگوشێت و لە دانیشتن لەگەڵماندا بێتاقەت نابێت تا خۆمان كاتمان درەنگ كرد و پێویست بوو بڕۆین ئەو پیاوە بێتاقەتی بە ڕوخساریەوە دیار نەبوو، كە هەڵدەستین جارێكی تر دەستەكانم دەگوشێت و دەستخۆشیم لێ دەكات و تا دەرەوە لەگەڵم دێت كە بۆ من زۆر تازە بوو سەركردەیەك ببینم ئەوەندە خاكی بێت و قەدری نوسەری لابێت. بەڵام پاش ماوەیەك كە هەڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی بوون بە گۆڕان، ئینجا زانیم بۆ كاك نەوشیروان نوسینەكەی منی بەدڵ بوو.
من هەڤاڵم وەك نوسەر خۆش دەوێت كە پیاوێكە پڕە لە ئەدەب و میهرەبانی و چاوە شینەكانی ئێستاش دنیایەك خەون و ئومێد، لەگەڵیدا ماندووبوون و مەرگی عەشقی "كاڵێ"ی تێدا شاردراوەتەوە كە كاڵێ بۆ یەكەمجار لە لادێ دەیەوێت ئەم پێشمەرگە تۆزاویە ماچ بكات بەڵام هەڤاڵ شۆڕشی لە ماچ و عەشق و دڵداری لا پیرۆزتر دەبێت و ڕێگە بە كاڵێ نادات ماچی بكات.
بۆ ئەوەی نیشتیمان هی هەمووان بێت پێویستە هەموومان كتێبی " ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو"ی هەڤاڵ كوێستانی بخوێنینەوە.

10/11/2017



وتارەکانی تری نوسەر