هەرچەند بگەڕێن شار و وڵاتان

عەزیز رەئوف
خۆی هەر دەركەوتنی دوو كەسایەتی كورد لە سەردانەكەی فەرەنسادا مانای ئەوەیە زیاد لە ماڵێكمان هەیە و هەموو كۆك نین كە یەك كەس بەناوی هەموانەوە بڕیار بدات و سەردانی وڵاتان بكات. خۆی هەر دەركەوتنی دوو كەس لە سەردانەكەی فەرەنسادا پێمان دەڵێت بەر لە هەر شت برینەكان بە دەرەجەی یەك برینی ماڵی خۆمانە و ئەسڵی مەسەلەكە ئەوەیە كە دوو میرنشین حوكممان دەكات. 

هەرچەند بگەڕێن شار و وڵاتان هیچ لەوە كەم ناكاتەوە كە لەناوەوە كەلاوەیەكتان بنیاد ناوە كە دروستكردنی خانوو لەسەر ئەم كەلاوەیە ئەستەمە و دەبێت ئەم كەلاوەیە ببەینەوە سەر عەرزی ڕەق ئینجا بینای بكەینەوە. هەرچەند دوو كوڕی گەنج و ڕێكپۆش بگەڕێن شار و وڵاتان لەو ڕاستیە كەم ناكاتەوە كە حوكمڕانی لە بیست و شەش ساڵی ڕابردوودا لەسەردەستی باوك و كوڕەكانیان، لەسەردەستی نەوەی دووەمی شۆڕشگێڕەكان تادێت قەبارەی قەیرانەكان گەورەتر دەكەن و دەمانبەنەوە سەرەتای سەرەتاكان.

هەرچەند دڵخۆش بیت بەوەی كە ئاڵای كوردستان لە كوێ هەڵكراوە و چ سەركردەیەك پێشوازیت دەكات و لەكوێدا بە فۆنتی كوردی شتێك نوسراوە، لەو ڕاستیە كەم ناكاتەوە كە تۆ لەناوەوە هیچت بنیاد نەناوە كە مایەی دڵخۆشی بێت و لە ئاستی ماس میدیا دڵی هەوادارانتان بەوە خۆش دەكەن كە دوای ڕیفرادۆم هێشتا كەسانێك هەن پێشوازیمان لێ دەكەن.

هەرچەند لە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا بە ئەزموون بۆمان دەركەوت هەموو ئەو سەردان و بەسەركردنەوە و پێشوازی و هەڵكردنی ئاڵایە لە ئۆفیسی دەوڵەتان هیچ نەبوون جگە لە بیركۆڵی ئێوەی نوخبەی دەسەڵاتدار لەئاست لۆبی و پەیوەندی دبلۆماسی لەنێو گەلاندا و دواجار بەكارهێنانی كورد وەك گەلێكی قوربانی بەرامبەر بە شەڕی داعش و گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار و پێنچ سەد گەنجی خێرلەخۆنەدیوی ئەو گەلەی كە خۆیان و منداڵەكانیان زیاد لە دوو دەیەیە باجی شكستە سیاسی و ئابووری و ئەخلاقیەكانی ئێوە دەدەن.
هەرەچەند بگەڕێن شار و وڵاتان، جگە لە پینەوپەڕۆكردنی دۆخەكە هیچ چاوەڕوانیەكتان جی نەهێشتووە، تەنها ئەوەتان پێ دەكرێ وڵاتانێك نێوەنگیری بكەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ڕیفراندۆم. 

هەرچەند بگەڕێن شار و وڵاتان، لەو ڕاستیە كەم ناكاتەوە كە برینەكان لێرەن نەك لە ئۆفیسی سەركردەی شار و وڵاتان.

08/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر