ئایا کێشەکە تەلەفزیۆنە؟

عەزیز رەئوف
تۆ کە تاکە سەرچاوەی زانیاریت تەلەفزیۆنە بۆ گلەیی دەکەی کە تەلەفزیۆن کێشەیە بۆماڵ؟ تۆ تاکە سەرچاوەی دەنگدانت بۆ پارلەمان تەلەفزیۆنە و دەنگ بەوانە دەدەی لە شاشەوە دەردەکەون، تۆ لە بەتاڵیدا تەماشای تەلەفزیۆن دەکەی ئیتر بۆ گلەیی لە بەختی خۆت دەکەی؟ چەند ماڵ کتێبخانە هەیە لە ماڵەکانیان؟ چەند کەس شەوان پێش نوستن کورتە چیرۆک بۆ منداڵەکانی دەگێڕێتەوە؟
ئایا کێشەکە درامای تورکییە ؟ ئەم درامایانە لە زۆربەی وڵاتان پەخش دەکرێت ئەی بۆ کێشەیان بۆ دروست نابێت؟ لەبەر ئەوەی بەرنامەیان هەیە بۆ ژیانی خۆیان و تەلەفزیۆن ئاراستەیان ناکەن. لەبەر ئەوەی کاتیان نیە بۆ تەلەفزیۆن لەبەر کار و خوێندنەوە و وەرزش و چێژووەرگرتن لە سروشت ، تۆ کە هیچ بەرنامەیەکت نیە جگە لە تەماشای تەلەفزیۆن ئیتر چۆن تەلەفزیۆن تۆ ئاراستە ناکا؟
ئەی ئەو وڵاتانەی سایتی سێکسیان  تیا پەخش دەکرێ بۆ دەنگیان لێ بەرزنابێـتەوە بڵێن سایتی سێکس ڕەوشتی منداڵانمان تێک دەدا؟ ئەو هوشیاری ئەوەی هەیە تەلەفزیۆنەکە بکوژێنێتەوە و یان ئەو کەناڵە دیلیت بکات و چاوەکانی بکاتەوە. ئەو هوشیاری ئەوەی هەیە کە چۆن منداڵەکانی پەروەردە بکات.

تۆ کە لە بەتاڵیدا خەریکی خواردن و تەقەکردن و زەمکردن و بوختانی بۆ ئەوانی تر ئیتر بۆ بەتاڵی خۆت دەخەیتە ملی دەگە و ڕەقسی تەلەفزیۆنەکان؟  من یەک ساڵی ڕەبەق لە قوبرس بووم (قوبرس  مارکێتەکانیشی پڕ بوون مەشروب و باڕ و دیسکۆکانی پڕ ئافرەتی جوان) لە ماوەی ئەو ساڵەدا شەڕێکم نەبینی، کوشتنێکم نەبینی، (یەک شەڕم بینی لە زانکۆکەمان، ئەویش لەنێوان ڕێكخستنەکانی پەکەکە و خوێندکارێکی پارتی کە لە هەولێرەوە هاتبوو ڕوویدا). 

شاجوان لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هەڵدەبژێردرێت و پەروەردەی خێزانیش هەیە و ناڕەزایی هەیە وەک چۆن هوشیاری ئامادەیە، تۆ کە هیچ بەرنامەیەکت نیە لە ژیان و چاوەڕێی دەمی سیاسی و پیاوانی ئاینی بیت نەسیحەتت بکەن، وەڵا وەزعت لەوە باشتر نابێـت و هەروەک پیاوێکی محافزکار دەبێـت بەتاڵی خۆت بخەیتە ملی تەلەفزیۆن.  تۆ هەر لەوژورەی تەماشای تەلەفزیۆن دەکەی میوان و نان خواردن و یاری منداڵان و ئیسراحەت و خەوتن لەگەڵ دایکی منداڵەکان ، ئەم هەموو کردەیە لە یەک کات و لەیەک ژوور بەبێ بەرنامە بەبێ گرنگیدان بەخوێندنەوە و پەروەردەی منداڵ، ئیتر بۆ دەیخەیتە ملی درامای تورکی و ئەڤین ئاسۆ و کەناڵی نێت تیڤی؟

کۆمەڵگەیەک ئەوەندە بەتاڵ بێت درامایەکی تورکی بتوانێت ئەخلاقی تاکاکەکانی بگۆڕێت، وەڵا دەسی خۆش بێت، تورک ئەوەندە عاقڵ بێت لەڕێی دراماوە شیرازەی خێزانەکانمان بشێوێنێت ئەوا خەلەلێک لە عەقڵ و تەفسیر و دنیابینیمادا هەیە و تورکیش نەبێت درامای وڵاتێکی تر دزە دەکاتە ناوەوە و درز دەخاتە نێو پەیوەندیەکانتەوە.

ئەو کەناڵانەی درامای تورکی پەخش دەکەن لەگەڵ ئەو کەناڵە دینیانەی کە ژەهر دەڕێژن و سوکایەتی بەو ژنانە دەکا کە بۆن لە خۆیان دەدەن، یەک دنیابینیان هەیە، بۆ دەنگ بەرز دەکەیتەوە بۆ یەکەمیان و گوێ لە ژەهری مەلاکان دەگریت؟ کە تۆ خۆت نەبیت سەمای کەناڵە تورکیەکان و  قیڕەی مەلا توندڕەوەکان وەک یەک بینەری دەبێت. ئەو کەناڵەی ئافرەت دەکاتە بوکەڵە لەگەڵ ئەو کەناڵەی ئافرەت بە دایناسۆر وەسف دەکات هیچ جیاوازیەکیان نیە. 

 
بۆڵەبۆڵی چیتە؟ کەناڵەکان ڕەوشتی خەڵک تێک دەدەن؟ ئەمجارە داتای سەتەلایتەکەت کردەوە ئەو کەناڵانە بسڕەوە، یان ئەوە تۆی دڵت لای ئەو کەناڵانەیە و بە تیلەی چاو سەیری دەکەی؟

(ئەوە پیاوێک دێتەوە بۆ ماڵ کوڕەکەی دەبینێت تەماشای کەناڵە سێکسیەکان دەکات و ئەویش بەچاوی خۆی دەیبینێـت و لە کوڕەکەی توڕە دەبێت و تفێک لە کەناڵەکە دەکات و بە کوڕەکەی دەڵێ بیکوژێنەوە. پاش کەمێک بیری دەکەوێتەوە کە لەش و لاری ژنەکان زۆر جوان بوون، بەکوڕەکەی دەڵێ وەرە هەتیو بیخەرەوە سەر کەناڵەکە با تفێکی تری لێکەم).

 ڕەزا مارمێلکە وتەنی "کەرێتی خۆتان مەخەنە ملی خوا" منیش دەڵێم کەرێتی خۆت مەخەرە مل تەلەفزیۆن. کۆنترۆڵت پێیە و تەلەفزیۆنەکە بکوژێنەوە.

25/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر