كۆنگرەی یەكگرتوو چی گۆڕی !

ئاسۆ عەبدولەتیف

 هێزی سیاسی گەر خاوەنی دیدو جیهانبینی فكری وسەركردەی مەیدانی و كاریزمی نەبێت ناتوانێت خۆی بگۆڕێت و مۆدێلێكی نوێ پێشكەش بكات، هێزێكی وەك یەكگرتوو كە نەیهێشت سەركردەو كادرە رادیكاڵەكانی بێنە پێشەوەو یەكگرتوو بەرێوەبەرن، ناچار دەبێت كۆنگرە لە وێسگەیەكی سیاسی و رێكخراوەییەوە بگۆڕن بۆ كەرنەڤاڵ و ئیحساساتی دینی و شوێنی نمایش و تەوزیفكردنی بۆ چەمكی دونیاو قیامەت و ئیمان و كوفرو رەش و سپی،ئیتر عاشق بوون و خۆهەڵواسین و دەفلێدان بەباڵای پارتەكانی غەنوشی و ئەردوغان مانایەكی نامێنێت، واقع دەریخست یەكگرتوو بەم فۆرم و روانگە كلاسیكیەوە توانستی خۆگۆرین و نوێگەری نیە، دەبێت ئەو ژینگەیە جێ بهێڵن بۆخۆیان، وەلێ لەم كۆنگرەیەدا بناغەی ئومێدێك دروستكرا  بۆ گفتوگۆ لەسەر پێداویستی كرانەوەی ئەم حیزبە، ئەمە تاكە دیوی گەشی ئەم كۆنگرەیە بوو كە زۆر سەركردەی خاڵی كردەوە لە پیرۆزی و تەنانەت كاریزمابوونیش!؟

 كاتێك كردەی دەستاودەست بۆ نەوەی دووەم، ئەوەندە پرۆسەیەكی قورس و جەنجاڵ بێت وەك بینیمان" سازش و لایەنگیریی و رێككەوتنامە نهێنیەكان و ئیستحقاقاتی بادینان بە 11 ئەندامی سەركردایەتی كە دروستكردنی یەكگرتووی ناو یەكگرتوو بوو، تۆخكردنەوەی هێڵ و رەنگەكانی بادینان بوو" نابێت ئیتر یەكگرتوو شانازی بە ریفۆرم و چاكسازی و تەباییەوە بكات و باسی ئەوە بكات پارتێكی بێ باڵ و بێكێشەیە.

راستەیەكگرتوو رەگەزی میانرەوی و  مەدەنیەت و سەرمایەی رەمزیی زۆری هەیە، لێ ئەوەی نیەتی  فكرو جیهانبینی و روئیای سیاسی مۆدێرنە، سەرۆكێك نیە یاری بەم كارتانەوە بكات و یەكگرتوو بهێنێتە سەر رێگایەكی تەندروستی سیاسەتكردن،كە ئەوەندە گوتاری شەرمن نەبێت لە ئاست بڕیاری چارەنوسسازانە، بۆنمونە: دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەرەی ئاكەپە یان هەدەپە،  17 ی شوبات، یان وەرگرتنی پۆست، ئەمانە هەموو لە ئایندەدا خراپتر خۆیان نمایش دەكەنەوە.

 هەمیشە دەڵێن كە یەكگرتوو هەوێنی برایەتی و ئاشتەوایی و یەكریزییە، ئەی ئەم ئاشتەوایی و هەوێنە بۆ بڕی نەكرد بۆ ئاستە ناوخۆییەكە،بۆچی برایەتیەكە نەگەشتە ئەو ئاستەی كە پێویست بەوە نەكات ئەمینداری پێشوو بگەرێتەوە،تا ئەركەكە بدەنە دەست برایەكی تر خۆ متمانەو ئیمان و جەسارەت و زانست و خەباتیشیان هەبوو؟

فەزای كۆنگرە زۆر شتی پێوتین كە مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە، دوای ئەو هەموو ساڵە بۆچی ئەم پارتە متمانە بە سەركردەیەكی تری خۆی ناكات وەك ئەمیندار بیناسێنێت، بۆچی كەسانێك هەبن هەڵگری خەونی گۆرانكاری بن و روانگەیەكی جیاوازیان هەبێتبەر نەفرەتی زۆرینە دەكەون ئەگەر بە هێنانەوەی ئەمینداری پێشووش بێت، ئەوەی لە كۆنگرەی حەوتی یەكگرتوو رویدا، دەرخەری ئەوەبوو كە ریفۆرم و گۆرانكاری رادیكاڵانە بۆ پارتی رۆژهەڵاتی پاشخان ئیسلامی كردەیەكی گرانەوبە ئاسانی چێ نابێت بەتایبەتی بۆ كەسانی وەك "محمد رەئوف و ئەبوبەكر عەلی"  كە دەبوو باشتر كاریان بكرایە بۆ گۆرانكاری ریشەیی و تێگەشتنی زیاتریان هەبوایە بۆ هەردوو ئەمیندارەكە، كە یەك روانگەی حیزبی و كۆنزەرڤاتیڤانەیان هەیەو نەوەی یەك قۆناغن و بەئاسانی دەستبەرداری حیزب نابن، هێنانەوەی فیگۆری" هادی عەلی"ش رەنگە بۆ پرۆڤە بێت بۆ دوای مامۆستا " سەڵاحەدین" تا بۆ ئەبەد گەنج و نەوەی نوێ زاتی هاتنە پێشەوە و باسكردنی ریفۆرم و كرانەوە نەكەن.








01/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر